حەوتەمین كۆنفرانسی نێودەوڵەتی دابڕان لەسلێمانی دەستیپێكرد

26/11/2022

نەوا-
مەلا بەختیار رایگەیاند، هەڵەیە ئازادیی دینی و مەزهەبی زەوت بكرێت، ئێمە رقمان لە هیچ حزبێكی غەیرە عەلمانی نیە، هیچ هەستیارییەكمان لەگەڵیاندا نیە.
لەشاری سلێمانی حەوتەمین كۆنفرانسی نێودەوڵەتی دابڕان و پێنجەمین كۆنفرانسی فێمێنیزمی رۆشنگەری بە دروشمی "ئاین بۆ تاك و دیموكراسی بۆ هەموان" دەستی بەكارەكانی كرد.
لە سەرەتای دەستپێكردندا مەلا بەختیار سەرپەرشتیاری پلاتفۆرمی دابڕان وتارێكی پێشكەشكردو رایگەیاند: لەناوەندی دابڕان رقمان لە هیچ حزبێكی غەیرە عەلمانی نیە، هیچ هەستیارییەكمان لەگەڵیاندا نیە بەڵكو ناكۆكی ئایدۆلۆجیمان هەیە، ئەوان دەیانەوێت دەوڵەتی ئایینی دروستبكەن، بەڵام ئێمە دەڵێین دین بۆ رۆحەو پێویستە لە دەسەڵات جیابكرێتەوە، تەنها لەوەدا جیاوازین، خۆشبەختانە هیچ كەسێكمان نەشكاندوە، هەڵمەتیشمان دژی هیچ رەمزێكی دینی نەكردوە، بەڵام ئەوان قسە دژی ئێمە دەكەن.
مەلا بەختیار باسی لەوەشكرد: بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ ئەوەدانین كەسێكی چەپ یان سیكۆلار یاخود رۆشنگەرێك زاڵبێت بەسەر گۆڕەپانەكداو ئازادی مەزهەب و دین و ئایینەكان زەوت بكات، چونكە ئەوە كارێكی مەترسیدارە، لە تەواوی دنیاش ئەو بۆچونە شكستیهێناوەو نابێت ئەوە دوبارەبكرێتەوە، بەڵكو پێویستە لە وڵاتی ئێمە هاوسەنگی رابگیرێت لەنێوان ئایین و رۆشنگەریداو دیالۆگی شارستانی ئەنجام بدەین.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group