نەوا
روسیا داوا لە هەسەدە دەكات عەین عیسا رادەستی سوپای سوریا بكات، بۆ ئەوەی لە هەڕەشەكانی توركیا و گروپە چەكدارەكان دووریبخاتەوە.
رۆژنامەی "شەرق ئەوسەت"ی چاپی لەندەن لەزاری سەرچاوەیەكی هێزەكانی سوریای دیموكراتەوە بڵاویكردوەتەوە، لە چەند رۆژی رابردوودا لە بنكەیەكی سەربازیی روسیا لە عەین عیسا، كۆبونەوەیەك لەنێوان هەسەدە و هێزەكانی روسیا بەڕێوەچووە، كە چەند ئەفسەرێكی سوپای سوریاش لە كۆبونەوەكەدا بەشدار بوون، تیایدا هێزەكانی روسیا داوایان لە هەسەدە كردووە شارۆچكەی عەین عیسا لەرووی ئیداری و سەربازییەوە رادەستی هێزە سورییەكان بكەن، بۆ ئەوەی لە هەڕەشەكانی توركیا و هێزە چەكدارە گرێدراوەكانی دووربخرێتەوە.
روسیا پێشنیازیشیكردووە، چوارگۆشەیەكی ئەمنی لە عەین عیسا پێكبهێنرێت، وەك چۆن لە حەسەكە و قامیشلۆ پێكهێنراوە، تیایدا نوسینگە و دامەزراوەكانی بەڕێوەبەرێتیی خۆسەر بوونیان هەبێت، بەڵام دامەزراوەكانی دەوڵەتی سوریاش بكرێنەوە و ئاڵای سوریا هەڵبدرێت، بۆ ئەوەی رێگری لە هێرشی بەرفراوانی توركیا و گروپە هاوپەیمانەكانی بگیرێت، كە ماوەیەكە بەردەوام بۆردومانی شارۆچكەكە دەكەن.
سەرچاوەكەی هەسەدە پێشبینیی كردووە، هێزەكانی سوریای دیموكرات بە داواكارییەكەی روسیا رازینەبن، چونكە بەپێی رێككەوتنەكانی پێشوو، توركیا داوایكردبوو هێزە كوردییەكان 32 كیلۆمەتر لە سنورەكان بكشێنەوە و عەین عیسا 37 كیلۆمەتر لە سنورەكانەوە دوورە.