ته‌ندروستیى عیراق: 80%ى توشبوانى كۆرۆنا نیشانه‌كانیان زۆر ئاسانه‌ یان هه‌ر نیانه‌

09/09/2020 عێراق

نه‌وا
وەزارەتی تەندروستیی عیراق تەئكیددەكاتەوە لەبەرانبەر زیادبونی ژمارەی توشبوانی كۆرۆنا ژمارەی چاكبونەوەش زیادی كردوە، هەروەها 80%ی توشبوان نیشانەكانیان زۆر ئاسانە.
ریاز عەبدولئەمیر بەڕێوەبەری تەندروستیی گشتی لە وەزارەتی تەندروستی رایگەیاندوە، سەرەڕای ئەوەی ژمارەی توشبوانی كۆرۆنا لە چەند هەفتەی رابردودا زیادی كردوە، لەبەرانبەردا ژمارەی چاكبونەوەی رۆژانە گەیشتوەتە 4 هەزار كەس، ئەوەش وایكردوە وەزارەت هەست بە دڵنیایی بكات.
باسی لەوەشكردوە، زیادبونی ژمارەی توشبوان بەهۆی زیادبونی پشكنینەكانەوەیە، كە رۆژانە گەیشتوەتە زیاتر لە 25 هەزار، زۆرینەی حاڵەتەكانیش سادەن و نیشانەیان تێدا نییە یان زۆر سوكە و ئەوەش 80%ی توشبوان پێكدەهێنێت، بەڵام 5%ی حاڵەتیان مەترسیدارە و 15%كەی دیكەش نیشانەكانی تەنگەنەفەسییان هەیە.
بەڕێوەبەری تەندروستیی گشتی لە وەزارەتی تەندروستی دەشڵێت "رێژەی گیانلەدەستدان 1% بۆ 2%ە ئەوەش پشت بە ژمارەی توشبوان دەبەستێت، شەپۆلی دووەمی كۆرۆناش كاتێك دەستپێدەكات، كە شەپۆلی یەكەم دەشكێت و دادەبەزێت، بۆیە شەپۆلی دووەم لەمانگی تشرینی یەكەمدا دێت و ئەوەش شەپۆلی زستانەیە و دەبێتەهۆی بەرزبونەوەی ژمارەی توشبوان".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group