سوپا سالاری پێشووی عێراق دەڵێت: ئێستا ڕێژەی كورد لەنێو سوپای عێراقدا ناگاتە 1% و دەشڵێت: پێویستە بەپێی یاسا 20%ی سوپای عێراق لە پێكھاتەی كورد بێت.
بابەكر زێباری، سوپاسالاری پێشووی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاندوە: "بەپێی یاسا و دەستوور پێویستە ڕێژەی بەشداریی كورد لە نێو سوپای عێراقدا بگاتە 20% لە دوای پڕۆسەی ئازادیی عێراق ئەگەر ڕێژەی كورد لەنێو پێكهاتەی سوپای عێراقدا نەگەیەشتبێت بەو ڕێژەیەش، بەڵام بە ڕێژەیەكی باش لە سوپای نوێی عێراقدا بەشداریی هەبوو".
سوپاسالاری پێشووی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "بەداخەوە ئێستا ڕێژەی كورد ناگات بە 1%ـیش، كە ئەوەش كاریگەریی خۆی هەیە. لەو باوەڕەشدا نیم جارێكی دیكە كورد بچێتەوە نێو سوپای عێراق، ئەوان سیستەمی خۆیان هەیە، بۆ نموونە، ژمارەی سەربازانی عێراق لە 300 ھەزار كەس پێك دێت و ئێستا ئەو ڕێژەیە پڕ كراوەتەوە".
زێباری دەڵێت: "پێویستە هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدڕاڵ لەبارەی ڕێژەی كورد لەنێو سوپادا بكەونە دانوستان و كۆ ببنەوە، لەبەر ئەوەی ناكرێت لە عێراقدا كورد پێكهاتەی دووەم بێت و ڕێژەی لە نێو سوپادا نزیك بێت لەسەدا سفر، لەبەر ئەوەش باڵانسی سوپا تێك چووە و هەرچی كوردە سوپای بەجێ هێشتووە و شوێنەكەی پڕ كراوەتەوە".