نەوا-
پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت، ئەو كەسەی كەڵەكێویەكی ڕاو كردبوو، دەستگیر كرا.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی لە راگەیندراوێكدا رایگەیاند، هەرچەندە بەهۆی بارودۆخی سەرژمێرییەوە بڕیاربوو سەرجەم هاووڵاتیان لە ماڵەكانیان بمێننەوە، بەڵام هاووڵاتیەك بەوپەڕی هەستنەكردن بە بەرپرسیارێتی چووەتە چیای بەرانان و بێ رەحمانە كەڵەكێوییەكی ڕاو كردووە.
باسی لەوەشكرد، ئەگەرچی ناوچەكە شاخاویە و دۆزینەوەی تۆمەتبار ئاسان نەبوو، بەڵام خۆشبەختانە دوای ماوەیەكی زۆر لە گەڕان و پشكنین لەچەند لایەكەوە، توانرا لەلایەن مەفرەزە هاوبەشەكانی بەشی پۆلیسی دارستانی دەربەندیخان و بنكەی باوەخۆشێن، ڕاوچییەكە دەستگیر بكەن و چەك و دووربینەكەشی بدۆزرێتەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئێستە ڕاوچییەكە دەستگیر كراوە و دوای كردنەوەی پەڕاوی لێكۆڵینەوە ڕادەستی دادوەر كراوە بۆ وەرگرتنی ڕێكاری یاسای.