هۆكارەكانی داڕمانی دانوستانەكانی نێوان ئیسرائیل و حەمماس ئاشكرا دەكرێن

1 رۆژ پێش ئێستا جیهان

نەوا-
بڕگەیەك بۆ كۆتاییهێنان بە شەڕو كشانەوە لەكەرتی غەزە لە رێككەوتنی ئاگربەست لەگەڵ حەمماس رەتكرایەوەو ئەمەش بوەتە هۆی داڕمانی دانوستانەكانی نێوان حەمماس و ئیسرائیل لە نێوەندگیری لە میسر.
بەرپرسێكی فەڵەستینی بە ماڵپەڕی سكای نیوزی راگەیاندوە، ئیسرائیل رەتیكردۆتەوە بڕگەیەك بۆ كۆتاییهێنان بە شەڕو كشانەوە لە كەرتی غەزە لە رێككەوتنی ئاگربەستدا لەگەڵ بزوتنەوەی حەمماس زیاد بكات و ئەمەش بوەتە هۆی داڕمانی دانوستانەكان لە میسر، شاندی حەمماس لە قاهیرە رەزامەندی بۆ دەستپێشخەرییەكەی میسرو ئازادكردنی سەرجەم بارمتە ئیسرائیلییەكان لە بەرامبەر ئاگربەست و ئازادكردنی ژمارەیەك زیندانی فەڵەستینی دەربڕیوە.
ئەو سەرچاوە فەلەستینییە ئەوەشی خستۆتەڕو، بزوتنەوەی حەمماس دەستبەرداری كۆنترۆڵی كەرتی غەزە بوەو رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر رادەستكردنی بەكۆمیتەی ئیدارەی غەزەی حكومەتی فەڵەستین و رادەستكردنی چەكەكانی وەك بەشێك لە نەخشەڕێگایەك بۆ دەسەڵاتی فەلەستین، بەڵام لە دواتردا خواستی خۆی بۆ گۆڕینی بۆ پارتێكی سیاسی دەربڕیوە لەگەڵیشیدا داوای گەرەنتی كردوە بۆ ژمارەیەك لە سەركردەكانی تا بۆ پاراستنی ژیانیان غەزە جێبهێڵن.
ئەوەش ئاشكرا كراوە، ئیسرائیل وادەی دو هەفتەی دیاریكردوە بۆ گەیشتن بە رێككەوتن لەگەڵ حەمماسدا كە ببێتە هۆی ئازادكردنی بارمتەكان و وەستاندنی شەڕ لە غەزە، هەڕەشەی ئەوەشیكردوە ئەگەر لەو ماوەیەدا لەگەڵ حەمماس نەگاتە رێككەوتن ئەوا بەرەو قۆناغەكانی دیكەی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكان دەڕوات.





شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group