نەوا-
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر مامەڵەكردنی بەهەمو جۆرەكانی دراوی ئەلیكترۆنی و كانزایی قەدەغە كرد.
لە راگەیەنراوێكدا بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی ئابوری هەولێر بڵاویكردوەتەوە، هاوڵاتیان ئاگادار دەكەنەوە كە مامەڵەكردن بە هەمو جۆرەكانی دراوی ئەلیكترۆنی و كانزایی (فۆڕێكس و USDT) قەدەغەیەو كۆمپانیاكانی فۆڕێكس و دراوی ئەلیكترۆنی لەهەرێمی كوردستان و عیراق رێگەپێدراو نین مۆڵەتی فەرمیان نیە، بەپێی بڕیارو رێنماییەكانی بانكی ناوەندی عیراق و وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی كوردستانیش رێگەپێدراو نین و هیچ یاساو رێنماییەك نییە بۆ رێكخستنی ئەم جۆرە چالاكیانە.
هەروەها راشیگەیاندوە، ئەو كۆمپانیایانەی لەژێر ناوی جیاجیا كاری فۆڕێكس و كردنەوەی خولی فێربونی چۆنیەتی مامەڵەكردن و كڕینی دراوی ئەلیكترۆنی و كانزایی ئەنجامدەدەن نایاسایی و رێگەپێدراون.
ئاسایشی هەولێر داواشی لە هاوڵاتیان كردوە بۆئەوەی دوچاری زیانی دارایی نەبن دوربكەنەوە لەم جۆرە مامەڵانەو پارەكانیان بە فیڕۆ نەدەن، هەروەها ئاگاداری كۆمپانیاو بڕۆكەرەكان دەكەنەوە لە رێگەی سۆشیال میدیاوە ریكلام بۆ ئەو كارو دراوە كانزاییانە نەكەن، چونكە روبەڕوی لێپێچینەوەی یاسایی دەبنەوە.