نەوا-
وتەبێژی حكومەتی عیراق هۆكاری پیرۆزبایی نەكردن لە حكومەتی نوێی سوریا ئاشكرا دەكات.
باسم عەوادی وتەبێژی حكومەتی عیراق رایدەگەێنێت، چاوەڕوانی سەردانی ئەسعەد شیبانی وەزیری دەرەوەی سوریان بۆ عیراق و دەیانەوێت كۆببنەوە لەگەڵی و لە كۆبوونەوەكەدا پەیوەندییە دیبلۆماسییەكانی نێوانیان نوێ بكەنەوە.
ئاماژەی بەوەشدا، فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عیراق رایگەیاندووە، كە بۆ لوتكەی عەرەبی لە بەغداد، بانگهێشتی سوریاش دەكەن.
باسم عەوادی رونیشیكردەوە، عیراق چاوەڕوانی ئەوەی كردووە كە هەندێك لە وڵاتانی عەرەبی نیگەرانییەكانیان بڕەوێننەوە و حكومەتی نوێی سوریاش بەشێكی دامەزراوە گرنگەكانی بونیاد بنێتەوە بۆئەوەی رۆڵی گونجاوی خۆیان بگێڕن، كە لەماوەی رابردوودا چەند بەرەوپێشچوونێك لەو بارەیەوە هەبوون.
ئاشكراشیكرد، سەردانی وەزیری دەرەوەی سوریا بۆ بەغداد بەمەبەستی گەیشتنە بە خاڵی لێكتێگەیشتنی گونجاو لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا، بۆئەوەی بە رێز و هەماهەنگییەوە پەیوەندییەكانیانی لەسەر بونیاد بنێن، هەروەها تیایدا چەندین دۆسیەی گرنگ و هەستیار باسدەكەن، كە هەردوو وڵاتەكە گرنگی تایبەتی پێدەدەن.
ئەوەش لەكاتێكدایە، لەناو وڵاتانی عەرەبیدا تاوەكو ئێستا عیراق بەشێوەیەكی رەسمی پیرۆزبایی دامەزراندنی حكومەتی نوێی لە سوریا نەكردووە، كە ئەوەش مشتومڕی دروستكردووە.