نەوا-
بیرنی ساندرز سیناتۆری ئەمریكا داوای لە وڵاتەكەی كرد فرۆشتنی چەك و تەقەمەنی بە ئیسرائیل رابگرێت.
ساندرز لەتۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس داوایكردوە: پێویستە واشنتۆن چەك و تەقەمەنی زیاتر رەوانەی بنیامین نەتانیاهو سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل نەكات كە تا ئێستا 45 هەزار كەسی لە غەزە كوشتوە، هەروەها سیستمی نیشتەجێبون و چاودێری تەندروستی و پەروەردەی لە غەزە وێران كردوە، ئەمە وێڕای ئەوەی رێگا نادات یارمەتی مرۆیی بگاتە ئەو شارە كە بەهۆیەوە فەڵەستینییەكان لە غەزە روبەڕوی برسێتی بونەتەوە.
سیناتۆرەكەی ئەمریكا جەختیشیكردۆتەوە، هەوڵەكانی دەخاتەگەڕ بۆئەوەی رێگریی بكات لەفرۆشتنی چەك و تەقەمەنی لەلایەن ئەمریكاوە بە ئیسرائیل.
جێی ئاماژەیە بەرپرسانی ئەمریكا بەشێوەیەكی نافەرمی كۆنگرێسیان لەوە ئاگاداركردوەتەوە كە بەپێی گرێبەستێك بە بەهای هەشت ملیار دۆلار فڕۆكەی جەنگی، چەك و تەقەمەنی بە ئیسرائیل دەفرۆشن.