لێكۆڵینەوە لەهەوڵی تیرۆركردنی ترەمپ لە ئەمریكا بەردەوامە

3 رۆژ پێش ئێستا جیهان

نەوا-
دادگای ئەمریكا لێكۆڵینەوە لە روداوی هەوڵی تیرۆركردنی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی پێشوی ئەمریكا لە نزیك یاریگای گۆڵف دەكات.
میدیاكان بڵاویانكردۆتەوە، جێبەجێكاری یاسای ئەمریكا لێكۆڵینەوە لە روداوی هەوڵدان بۆ تیرۆركردنی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی پێشوی ئەمریكاو كاندیدی كۆمارییەكان لەنزیك یاریگاییەكی گۆڵف دەكات، بەپێی زانیارییەكان تاوەكو ئێستا ناوبراو هیچ زیانێكی پێنەگەیشتوە، لەهەمان كاتیشدا نوسینگەی لێكۆڵینەوەی فیدراڵی دەڵێت، لە ویلایەتی فلۆریدا كەسێكی چەكدار لە نزیك یاریگایەكی گۆڵف دەستگیر كراوە كە ترەمپ لەو شوێنەدا یاری دەكرد.
میدیاكانی ئەمریكا ئەوەیان خستۆتەڕو، ئەو پیاوەی گومان دەكرێت هەوڵی كوشتنی ترەمپی دابێت تەمەنی 58 ساڵەو لە چالاكییەكانی پشتیوانی لە ئۆكرانیا بەشدار بوە، لێكۆڵەران لە روداوەكە دەكۆڵنەوە كە ئایا ئەو تۆمەتبارە ناڕەزایەتی بەرامبەر هەڵوێستەكانی ترەمپ بەرامبەر پرسی ئۆكرانیا هەبوە یاخود هۆكارێكی دیكە لەپشت ئەنجامدانی ئەو كارەوەیە. 
كامالا هاریس ركابەرەكەی ترەمپ و دیموكراتەكان سەبارەت بە روداوەكە وتویەتی، نارەحەتم بەهۆی ئەگەری هەوڵی تیرۆركردنی سەرۆكی پێشوی ئەمریكاو توندوتیژی سیاسی ئیدانە دەكەم، دەبێت هەمومان لێرە بەشدار بین بۆئەوەی توندوتیژی زیاتر نەكەوێتەوە.
میدیاكانی ئەمریكا روماڵێكی بەرفراوان دەكەن كە بۆ جاری دوەمە هەوڵی تیرۆركردنی ترەمپ دەدرێت لەماوەی دو مانگدا.  

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group