وەزیری دەرەوەی ئوسترالیا داوا لە هاووڵاتیانی وڵاتەكەی دەكات لوبنان بەجێبهێڵن

01/08/2024 جیهان
نەوا-
ئوستراڵیا داوا لە هاووڵاتیانی خۆی دەكات دەستبەجێ لوبنان جێ بهێڵن، ئەمەش بەهۆی هەڵكشانی ئاڵۆزی و پشێویە مەترسیدارەكانە لەنێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵای لوبنانی .
بێنی وۆنگ وەزیری دەرەوەی ئوسترالیا، لە گرتە ڤیدیۆیەك كە لە پلاتفۆرمی ئێكس بڵاوی كردووەتەوە، دەڵێت: ئێستا كاتێكی گونجاوە بۆ دەرچوون، ڕەنگە دۆخی ئەمنی تێك بچێت بەبێ ئەوەی ئاگادار بكرێنەوە.
ئاشكراشیكرد، فڕۆكەخانەی بەیروت ڕەنگە بە تەواوی دابخرێت ئەگەر دۆخەكە خراپتر بێت، بەمەش ئەو كەسانەی ئارەزوویان هەیە لەو وڵاتە بڕۆن بۆ ماوەیەكی درێژ ئاستەنگیان بۆ دروست دەبێت، بۆیە داوای لە ئوسترالیەكان كرد گەشتە بازرگانیەكان بەكار بهێنن.
لای خۆشیەوە ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی ئوسترالیا ڕایگەیاندووە، نزیكەی 15 هەزار ئوسترالی لە لوبنان نیشتەجێن، ئەو ڕێژەیەش لە مانگەكانی هاویندا بەرز دەبێتەوە، لە سەرژمێرییەكیش كە لە ساڵی 2021 كراوە، نزیكەی نیو ملیۆن ئوسترالی ڕایانگەیاندووە كە ڕەچەڵەكیان لوبنانیە.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group