نەوا-
یەكێتی زانایانی ئاینی كوردستان لە بارەی پڕۆسەی هاوسەرگیری و بڕی مارەییەوە ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە.
یەكێتی زانایانی ئاینی كوردستان لە راگەیندراوێكدا دەڵێت ، لەبەر ئەوەی پرۆسەی هاوسەرگیری پرۆسەیەكی گرنگە و ئیسلام بایەخێكی زۆری پێدەدات، بەتایبەت لە پێكهێنانی پرۆسەی هاوسەرگیری لەسەر بنەمای ڕێزو خۆشەویستی و تەبایی، ڕاستە شەریعەتی پیرۆزی ئیسلام مارەیی وەك حەقێكی شەرعی ئافرەت دیاریكردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش پێغەمبەر محەمەد (درودی خوای لێ بێت) ئاماژەی بەوە داوە، كە بە خێرترین پرۆسەی مارەبڕین ئەوەیە مارەییەكەی كەم بێت.
ئاماژە بەوەشكراوە، لەو سۆنگەوە كە ئێستا زێڕ زۆر گران بووە و ڕۆژ بە ڕۆژ نرخەكەی بەرز دەبێتەوە، داوا لە هاووڵاتییان دەكەن كار ئاسانی و بارسووكی لە مارەیی بكەن، ئیسلام بۆ مارەیی هیچ ئەندازەو شتێكی دیاری نەكردووە، بەڵكو هەر شتێكی شایستە و گونجاو بێت ئاساییە بكرێتە مارەیی مەرج نیە تەنها زێڕ بێت، گیانی هاوكاری و یارمەتیدان و ڕەچاوكردنی خزمایەتی و كارئاسانی بۆ گەنجان بەشێكی دیندارییەو ئەم پرۆسەیەش چەندە بە ئاسانكارییەوە ئەنجام بدرێت بەختەوەری زیاتری خێزانی و ئاشتی كۆمەڵایەتی پتری بە دواوەیە.