نەوا-
ئەندامێكی خولی پێشوی پەرلەمانی عیراق رایگەیاند، تا تەوتین جێبەجێ نەبێت موچەی هەرێمی كوردستان رزگاری نابێت.
ئەحمەد حاجی رەشید ئەندامی خولی پێشوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، رەنگە حكومەتی هەرێم بەردەوام بێت و هەمان رێچكەی ساڵی رابردو بگرێتەبەر، ئەو مەرجانەی لە بڕیاری دادگای فیدراڵی دیاریكراوە بۆ هەرێم كە بریتیە لە رادەستكردنی داهاتی ناوخۆ و نەوت و تەوتینی موچەی فەرمانبەران هیچیان جێبەجێ نەكات ئەوەی لەوەو پێش هەبوە دوبارە دەبێتەوە، بۆیە فەرمانبەران و هێزە سیاسییەكان و چین و توێژەكان پێویستە لەسەریان فشار بكەن لە حكومەت تاكو ئەوەی لەبڕیاری دادگای فیدراڵیدا هاتوە جێبەجێ بكرێت.
لەبەشێكی قسەكانیدا لەبارەی موچەی مانگی 12ـەوە ئەحمەد حاجی رەشید وتی: بەهەمو داتاو زانیارییەكی حكومەتی عیراق موچە نێردراوە بۆ هەرێمی كوردستان، بەڵام هەرێمی كوردستان خۆی لادەدات لەو راستییە، هەمو مانگێك زیاتر لە 900 ملیار دینار هاتوە ئەوەی لێی بڕدراوە هی خانەنشینان و باجی دەرامەتە جگە لەوەی داهاتی ناوخۆی رادەست نەكردوە.
لەبەشێكی تردا وتیشی: حكومەتی هەرێم پارەی فرۆشتنی نەوتی داوەتەوە بە قەرزی كۆمپانیا نەوتییەكان لەكاتێكدا قەرزەكانی شاراوەن، تا تەوتین جێبەجێ نەبێت موچەی هەرێمی كوردستان رزگاری نابێت لەدەست ئەو پارتە دەسەڵاتدارانەی كە حكومەتیان پێكهێناوە.