نەوا-
ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی ڕایگەیاند، خۆڕاگری و ئارامگری خەڵكی غەززە چۆكی بەو پیلان و گەلەكۆمە نێودەوڵەتییانە هێنا كە دژیان بەرپاكرابوو.
مەڵبەندی سلێمانی یەكگرتووی ئیسلامی بڵاویكردەوە، بە بەشداری سەلاحەدین بەهادین ئەمینداری گشتیی حزبەكە و ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی و بەشێك لە ئەندامانی یەكگرتوو، مەڕاسیمێكیان لە شاری سلێمانی سازكرد، بەبۆنەی ڕاگەیاندنی ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل.
لە مەڕاسیمەكەدا سەلاحەدین بەهادین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی ڕایگەیاند، سەركەوتنی موسوڵمانانی شاری غەززە وانەی كرداری گرنگی تیادایە بۆ تەواوی موسوڵمانان لە سەرتاسەری جیهاندا، ئاماژەی بەوەشكرد، كە خۆڕاگری و ئارامگری خەڵكی غەززە چۆكی بەو پیلان و گەلەكۆمە نێودەوڵەتییانە هێنا كە دژیان بەرپاكرابوو.
ئەوەشی خستەڕوو، دەستكەوتی بزووتنەوەی حەماس و خەڵكی غەززە زۆر زیاترە لە ئیسرائیل ، چونكە پاراستنی بیروباوەڕ و گیانی بەرگری و فیداكاری گرنگترە لە پاراستنی باڵەخانە و ڕێگاوبان، لەبەرئەوەی شار و وڵات دەكرێت جارێكی دیكە بونیاد بنرێتەوە، بەڵام قەرەبووكردنەوەی شكستی بیروباوەڕ كارێكی زەحمەت و گرانە.
سەلاحەدین بەهادین باسی لەوەشكرد، بەرهەمی داگیركاری ئیسرائیل تەنها شەهیدكردنی ژن و منداڵ و هاووڵاتیانی مەدەنی بووە كە ئەوانیش بەپلەی شەهیدی گەیشتوون و جێگەی شانازین بو خۆیان و ئەوانیش.