باكۆ.. هەرێمی كوردستان دەبێتە ئەندامی پاڤیلیۆنی ئاو بۆ كەشوهەوا

9 کاتژمێر پێش ئێستا

نەوا-
لەكاتی بەڕێوەچونی لوتكەی ساڵانەی كەشوهەوا لە ئازەربایجان هەرێمی كوردستان پانێلێكی سەبارەت بە گرنگیدان بە سێكتەری ئاو ئەنجامدا.
دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە بڵاویكردۆتەوە، لە باكۆی پایتەختی ئازەربایجان و لەكاتی بەڕێوەچونی لوتكەی ساڵانەی كەشوهەوا COP-29 پانێڵێك لەلایەن كاروان هەورامی بەڕێوەبەری گشتی سەرچاوەكانی ئاو ئەنجامدرا سەبارەت بە گرنگیدان بە سێكتەری ئاو لەچوارچێوەی پلانی خۆگونجاندنی ناوخۆیی(LAP)  لە پاڤلیۆنی ئاو بۆ كەشو هەوا، هەروەها لەبارەی چۆنیەتی وەرگرتنی میكانیزم و تەكنەلۆژیای پێشكەوتو بۆ پێشخستنی سیاسەتی ئاوی دروست و بەردەوام بۆ هەرێمی كوردستان.
ئەوەش خراوەتەڕو،  هەر لە پانێڵەكەدا باس لە دابینكردنی ئاو بۆ هەمو پێداویستیەكانی ژیان و چالاكییە ئابورییەكان بەشێوەی سەردەمیانە كراوە، هاوكات پاراستنی ئاسایشی ئاو بۆ هاوڵاتیان و نەوەكانی داهاتو، هاندانی دامەزراندن و پەرەپێدانی پۆندو بەنداوی بچوك و بەكارهێنانی شێوازە مۆدێرنەكانی ئاودێری بۆ دابینكردنی ئاو بۆ كەرتی كشتوكاڵ و پڕكردنەوەی ئاوی ژێر زەوی.
جێی ئاماژەشە هەرێمی كوردستان بۆیەكەمین جار دەبێتە ئەندامی پاڤیلیۆنی ئاو بۆ كەشوهەوا كە یەكێكە لە پێگە گرنگەكانی كاركردن بۆ روبەڕوبونەوەی گۆڕانی كەشوهەواو سەروی 70 دەوڵەت تیایدا ئەندامن و بەیەكەوە كاردەكەن بۆ داڕشتنی سیاسەتێكی دروستی ئاو بۆ وڵاتان.




شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group