نەوا-
لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان رایگەیاند، ئەنجامە بەدەستهاتوەكانی كۆمەڵی دادگەری لە ئاست چاوەڕوانیی و هەڵوێست و هەوڵەكانیاندا نەبوە.
لە راگەیەنراوێكدا كۆمەڵی دادگەریی كوردستان بڵاویكردۆتەوە، دەنگەكانی كۆمەڵی دادگەریی كورستان كەمیكردوە، سەرباری ئەوەی هەندێك زانیاریان لەسەر بەڕێوەچونی پرۆسەی هەڵبژاردن بەدەست گەیشتوە كە لایان پرسیار لەسەر پرۆسەكە دروست دەكات، سەرقاڵی لێكۆڵینەوەن لەبارەیانەوە، پاش تەواوبونی لێكۆڵینەوەكان هەڵوێستی خۆیان لەبارەی پرۆسەكەوە رادەگەیەنن.
لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان ئاماژەی بەوەشكردوە، ئەم دۆخە پێویست بە هەڵسەنگاندنی وردو بەدواداچونی جدی دەكات، بە پلان و ستراتیژ و بڕیاری پێویستەوە لە ئایندەدا هیوا و ئومێد دەگێڕیننەوە.
پێشتریش هەریەك لە عەلی حەمە ساڵح سەرۆكی لیستی هەڵوێست و عیرفان عەبدولعەزیز رابەری گشتی بزوتنەوەی ئیسلامی رایانگەیاندبو كە گومانیان لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن هەیەو دەنگێكی زۆریان هێناوە بەڵام دەنگەكانیان كەمكراوەتەوە.