پارێزگای هەولێر: خۆشی دەربڕین بە كاروانی ئۆتۆمبێل قەدەغەیە

7 کاتژمێر پێش ئێستا

نەوا-
سەرجەم هاوڵاتیانی سنوری پارێزگای هەولێر ئاگادار دەكرێنەوە كە دوای كۆتاییهاتنی كەمپینی بانگەشەی هەڵبژاردن دروستكردنی ئاستەنگی هاتوچۆ رێگە پێدراو نابێت.
لیژنەی ئەمنی پارێزگای هەولێر رایگەیاندوە، ئاگاداری سەرجەم هاوڵاتیانی سنوری پارێزگای هەولێر دەكەنەوە دوای كۆتاییهاتنی كەمپینی بانگەشەی هەڵبژاردن و دەركەوتنی دەرەنجامە سەرەتاییەكان، خۆشی دەربڕین بە كاروانی زۆری ئۆتۆمبێل و بەكارهێنانی ئامێری بێزاركەرو دروستكردنی قەرەباڵغی و ئاستەنگی هاتوچۆ بە هەمو شێوەیەك رێگە پێدراو نیە.
ئەوەش خراوەتەڕو، بۆ ئەو مەبەستە پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر دەستیكردوە بە دەستنیشانكردن و نوسینی ژمارەی ئەو ئۆتۆمبێلانەی ئەو كارانە ئەنجامدەدەن بۆ وەرگرتنی رێكاری یاسایی و سزادانی خاوەنەكانیان بە پێبژاردن.
پێشتر پارێزگای هەولێر رایگەیاندبو دڵنیایی دەدەن بە فەراهەمكردنی ئازادی بۆ سەرجەم لایەنە سیاسیەكان و كاندیدان بەبێ جیاوازی لە سنوری پارێزگاكەو بەڕێوەچونی ماوەی دیاریكراوی بانگەشەی هەڵبژاردن بەسەركەوتویی.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group