لە گۆڕستانەكانی غەزە شوێن نەماوە بۆ بەخاكسپاردن

پێش 4 هەفتە

نەوا-
لەكاتێكدا ژمارەی ئەو كەسانەی لە كەرتی غەزە لە ئاكامی هێرشە ئاسمانیی، زەمینیی و دەریاییەكانی ئیسرائیل كە ماوەی زیاتر لە ١٠ مانگە بەردەوامە گیانیان لەدەستداوە ٤٠ هەزار كەسی تێپەڕاندووە، لە گۆڕستانەكانی كەرتەكەدا شوێن نەماوە بۆ بەخاكسپاردنی قوربانییان.
خەڵكی غەزە دووچاری سەختی بوونەتەوە لە دۆزینەوەی گۆڕ بۆ بەخاكسپاردنی كەسوكاریان كە لە هێرشەكانی ئیسرائیلدا گیانلەدەست دەدەن، ئاماژە بەوە دەكرێت كە بە تایبەتی لە ناوچەكانی ناوەڕاستی كەرتی غەزە شوێنی چۆڵ نەماوە بۆ هەڵكەندنی گۆڕ.


سەعد حەسەن بەرەكەت كە لە گۆڕستانی سوەیڤ لە شاری غەزە كار دەكات، لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، باسی لەوە كرد كە ژیانی لە گۆڕستان بەسەر بردووە، بەڵام هیچ كات ڕووبەڕووی دۆخی لەم شێوەیە نەبووەتەوە.
بەرەكەت باسی لەوە كرد پێش جەنگ ڕۆژانە چەند تەرمێكیان بە خاك سپاردووە، بەڵام لە ٧ی تشرینی یەكەمی ٢٠٢٣ەوە ڕۆژانە ٧٠، ٨٠، ١٠٠ تەنانەت هەندێكجار ٣٠٠ تەرمیان بە خاك سپاردووە.
هەروەها بەرەكەت ئاماژەی بەوە كرد كە لە گۆڕستانی سوەیڤ لە یەك گۆڕدا سێ تەرمیان لەسەر یەك بەخاكسپاردووە و، گوتی: "سەختییەكە ئەوەیە شوێن نەماوە بۆ هەڵكەندنی گۆڕ، من گۆڕم لەسەر گۆڕ دروست كردووە. گۆڕەكانی ئێرە نەك دووانین، بەڵكو سیان لەسەر یەكن".
بەرەكەت ئەوەیشی خستەڕوو كە پێشتر سێ گۆڕستانی لە ناوچەكە بەڕێوەبردووە و گوتی: "دەتوانم بچمە گۆڕستانەكانی ئەنسار و سوەیڤ. بۆردومان لە هەموو شوێنێك هەیە، دەتوانم بچمە ئەو گۆڕستانانەی خەڵكی لێیە. بۆیردومانەكان بە شەو و ڕۆژ بەردەوامە".


گوتیشی: "شەهیدەكان بە كۆمەڵی بە خاكدەسپێردرێن و پارەیان بۆ وەرناگیرێت. بەڵام ئەوانەی داوای گۆڕی تایبەت دەكەن پێویستە نزیكەی ٣٠٠ شێكل بدەن".
محەمەد عەبدوڵڵا، كە یەكێكە لەو كەسانەی لە كەمپی پەنابەرانی نوسەیراتەوە ناچار بە كۆچ كردن بووەتەوە، باس لەوە دەكات كە بەهۆی بەردەوامی بۆردومانەكانەوە دووچاری سەختی زۆر دەبن لە بەخاكسپاردنی تەرمەكاندا.
عەبدوڵلا باسی لەوە كرد كە بەهۆی بەرزی ژمارەی قوربانیانی هێرشەكانی ئیسرائیلەوە گۆڕستانەكان پڕبوون و، گوتی: "ژمارەی شەهیدان بەشێوەیەكی تۆقێنەر لە بەرزبوونەوەدایە. لە بچووكترین كۆمەڵكوژییدا ١٠ بۆ ٢٠ كەس شەهید دەبن. لە ناوچەی ناوەڕاستی (كەرتی غەزە) تەنیا سێ گۆڕستانی لێیە. ئەوانیش پڕبوون".
هاوكات عەبدوڵلا باسی لەوە كرد گۆڕستانەكان تەنیا مردوویان تێدا نییە، بەڵكو زیندووانیشی لێیەو،گوتی: "شوێن نییە بۆ هەڵكەندنی گۆڕی نوێ، چونكە ژمارەیەكی زۆر خەڵك هەیە ئاوارەبوون و پەنایان بردووەتە بەر گۆڕستانەكان. زیندووە مردووەكان لە پێشترن".
راپۆرت/ ئاژانسی ئەنادۆڵ

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group