نەوا-
بەگوێرەی راپۆرتێكی رۆژنامەی شەرق ئەلئەوسەت تاساڵی 2025 وشكەساڵی تەواوی روباری فورات دەگرێتەوە.
لە راپۆرتەكەدا كە دەربارەی قەیران ئاو لە سوریاو عیراق ئامادەكراوە، تیایدا هاتوە، لە سەردانەكەی ئەم دواییەیدا بۆ شەتولعەرەب لەباشووری رۆژهەڵاتی بەسرە، ڤۆڵكەر تورك كۆمسیاری باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەكگرتوەكان جەختی لەمەترسی دۆخەكە كردۆتەوەو رایگەیاندوە، ئەمە حاڵەتێكی نائاسایی كەشوهەوایە كاتی ئەوە هاتوە لەسەر ئەم بنەمایە مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت، نەك تەنها بۆ عیراق بەڵكو بۆ هەموو جیهان.
هەر لە راپۆرتەكەدا هاتوە كە عیراق ساڵانە 100 كیلۆمەتر چوارگۆشە زەوی كشتوكاڵی لەدەست دەدات لەئەنجامی بیابانبون و تیشكی خستۆتە سەر راپۆرتێكی وەزارەتی سامانە ئاوییەكانی عیراق و باسی لەوە كردوە كە ئەو وشكەساڵییە توندەی پێشبینی دەكرێت، تا ساڵی 2025 دەبێتە هۆی وشكبونی تەواوەتی روباری فورات لەكەرتی باشوردا هاوكات روباری دیجلەش دەگۆڕێت بۆ رێڕەوێكی ئاویی كە سەرچاوەی سنورداری هەیە، ئەو دوو روبارە كە لە توركیاوە سەرچاوە دەگرن و بەسوریادا تێدەپەڕن، سەرچاوەی نزیكەی 98%ی ئاوی سەرزەوی عیراق پێكدەهێنن.