دەسەڵات بە ئۆپۆزسیۆن پێدەکەنێ

‌فایق گوڵپی

15/03/2022
رۆژ لە دوای رۆژ دیواری نێوان خەڵک و دەسەلاتی هەرێمی کورستان ئەستورتر دەبێت، دەسەڵات گوێ لە دەنگی خەڵک ناگرێت، دڵی بۆ سکی برسی خەڵک تەنگ نابێت.

نارەزایی خەڵک تادێت فراوانتر دەبێت، وایلێهاتووە خەڵک دەسەلاتی هەرێم بە دوژمنی سەرەکی خۆی دەزانێت و بیر لە گۆڕینی دەکاتەوە.

لە نێوان خەڵکی نارازی و دەسەڵاتدا، ژمارەیەک حزب و کەسایەتی سیاسی وەستاون،بە ناوی ئۆپۆزسیۆنەوە قسە دەکەن و هەڵویست نیشاندەدەن، دەیانەوێت لەگەڵ خەڵکی نارازی بەرەیەک دروستبکەن و پێکەوە بەرامبەر بە دەسەڵاتی ملهوڕی هەرێم بوەستنەوە.

هەندێک ناکۆکی لە نێوان خەڵک و ئەو حزب و کەسایەتیە ئۆپۆزسیۆنانەدا هەیە،هەندێک ناکۆکی تریش لە نێوان خودی ئەو حزب و کەسایەتییە سیاسییانەدا هەیە، بەڵام ناکۆکییەکانی نێوان خەڵک و ئۆپۆزسیۆن، هێندەی ناکۆکییەکانی نێوان خەڵک  و دەسەڵات ئەستور و قوڵ نین، ناکۆکییەکانی نێوان حزب و کەسایەتییە سیاسیەکانیش کاتی و رۆژانەن، هێندەی ناکۆکییەکانی نێوان دەسەلات و حزب و کەسایەتییە سیاسیەکان بونیادی و قوڵنین.

بۆیە دەکرێت باز بەسەر ناکۆکییەکانی نێوان خەڵک و ئۆپۆزسیۆن و خودی ئۆپۆزسیندا بدرێت و بەرەیەکی ئۆپۆزسیۆنی توکمە دروستبکرێت و بەرامبەر دەسەلات بوەستێتەوە.

ئەگەر سەیری بەرەی دەسەڵات بکەین، دەبینین چەندان ناکۆکی و ململانێی توند لە نێوان پێکهاتەکانی دەسەڵاتداهەیە، بەڵام بۆ ڕووبەروبونەوەی خەڵک و ئۆپۆزسیۆن، رێکەوتنییان پێکهێناوە.

ئەو ناکۆکییانەی لە نێوان خەڵک و ئۆپزسیۆندایە، ئەو ناکۆکیانەی لە نێوان باڵەکانی ئۆپۆزسیۆندایە، دەکرێت بە گفتوگۆ، لە سێبەری بەرنامەیەکی نوێی گۆڕان و چاکسازیدا رێکەوتنی لەسەر بکرێت، ئەگەر وانەبێت، وەک ئێستە  جیابوەکانی گۆڕان و جیابوەکانی نەوەی نوێ،لە نەوەی نوێ بخوێنن، نەوەی نوێ لە جیابوەکانی یەکێتی و جیابوەکانی گۆران و نەوەی نوێ بخوێنێ، ئۆپۆزسیۆن هەر خەریکی ململانێی فکری و کا بە باداکردنی کۆن دەبێت، لە رابوردوودا دەچەقێت و هەنگاوێکی سیاسی بۆ پێشەوە نانێت، بەرەی ئۆزسیۆن پێکنایەت،  دەسەلاتیش بە ئۆپۆزسیۆن پێدەکەنێت.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group