نەوا-
سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی (ئەكیتۆ) سەری ساڵی نوێی بابلی و ئاشوریی پیرۆزبایی لە هاووڵاتیانی كلدانی، ئاشوری و سریانی لە كوردستان و عیراق كرد.
لەپەیامێكدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایگەیاندوە، جەژنی ئەكیتۆ بۆنەیەكی مێژویی و دێرینی شارستانیی بەهادارە، قوڵایی رەگی كلتوری و مرۆیی یەكێك لە دێرینترین پێكهاتەكانی ناوچەكەمان نیشان دەدات كە لە بەرەبەیانی مێژوەوە بەشدارییان لە دروستكردنی شارستانییەتەكانی ناوچەكەو پاراستنی فرەڕەنگییەكەیدا كردوە.
راشیگەیاندوە، جارێكی دیكە لە هەرێمی كوردستان جەخت لە پابەندیی هەمیشەییمان بە پاراستنی ماف و ئازادییەكان و برەودان بە كلتوری فرەڕەنگی و پێكەوەژیانی ئاشتییانەو لێبوردەیی و یەكترقبوڵكردن لەنێو هەمو پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی كوردستاندا دەكەینەوە.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پەیامەكەیدا وتوشیەتی: با ئەم ساڵ جەژنی ئەكیتۆ دەرفەتێكی نوێ بێت بۆ پتەوكردن و بەهێزكردنی خۆشەویستی و ژیانی هاوبەش و رێزلەیەكگرتن لەنێو هەموو پێكهاتەكانی گەلی كوردستاندا، هەروەها سەرچاوەی هیوایەك بێت بۆ داهاتویەكی باشتری پڕ لە گەشەسەندن و ئارامی و ئاسوودەیی بۆ هەموان.