نەوا-
كارەبای سلێمانی ئاماری قەرزی كارەبای نیشتمانی هاوبەشانی چەمچەماڵی بڵاوكردەوە، لە كۆی 53 هەزار و 237 هاوبەش، نزیكەی 41 هەزاریان قەرزارن.
بەرێوبەرایەتی كارەبای سلێمانی رایگەیاندووە، لە سنوری بەڕێوەبەرایەتییەكانی دابەشكردنی كارەبای چەمچەماڵ 53 هەزار و 237 هاوبەشی كارەبا هەن، كە هاوبەشی ماڵان، بازرگانی، پیشەسازی، كشتوكاڵی و حكومین، هەروەها، لە كۆی ئەو ژمارەیەش 47 هەزار و 302یان هاوبەشانی ماڵانن.
ئاماژەی بەوەشداوە، لە ئێستادا 40 هەزار و 924 هاوبەش قەرزاری كارەبان و بەشی زۆریان رێژەی قەرزەكانیان لەنێوان 100 هەزار بۆ 500 هەزار دیناردایە.
هەر بە گوێرەی ئامارەكەی كارەبای سلێمانی كە بڵاویكردووەتەوە، هەشت هەزار و 422 هاوبەش كەمتر لە 100 هەزار دینار قەرزارن، ئەوانەشی لەنێوان 100 هەزار بۆ 500 هەزار دینار قەرزان زۆرینەن و ژمارەیان 15 هەزار و 983 هاوبەشە.
باس لەوەشكراوە، 12 هەزار و 304 هاوبەشی كارەبا قەرزەكانیان لەنێوان 100 هەزار بۆ یەك ملیۆن دیناردایە، هەروەها چوار هەزار و 122 هاوبەشیش یەك بۆ دوو ملیۆن دینار قەرزارن.
لە ئامارەكەدا ئەوەش خراوەتەروو ، ئەوانەی قەرزەكانیان زیاترە لە دوو ملیۆن دینار 93 هاوبەشن، كە 92'یان لەنێوان دوو بۆ 10 ملیۆن قەرزارن و تەنها یەك هاوبەش سەروو 10 ملیۆن قەرزارە.