نەوا-
جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند، ئەوەی وەزیری دارایی عیراق دەیكات بیانوەو تەنها بۆ پەكخستنی تەمویلی موچەیە.
شاخەوان عەبدوڵڵا جێگری سەرۆكی پەرلەمان عیراق لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵەكانی راگەیاندن وتی: ئەو نوسراوەی كە ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی عیراقیان كردوە هاوپێچێكی لەگەڵدایە كە نوسراوی بانكی ناوەندیی عیراقە تیایدا رێگەی نەداوە زانیاری فەرمانبەران ئاشكرا بكرێت تەنها دەبێت ئەو زانیاریانە لەنێوان فەرمانبەرو بانكەكاندا دەبێت.
وتیشی: خۆیان كە لە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقن وەزارەتی دارایی داوای ئەو زانیاریانەی لێنەكردون كە ئێستا لە فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی دەكات كە بەشێكن لە دامەزراوەكانی فیدراڵی، ئەم داوایانەی كە لە هەرێمی كوردستان دەكرێت تەنها بۆ پەكخستنە.
شاخەوان عەبدوڵڵا وتیشی: ئەوان لە كۆتایی مانگەكەدا بیانو دەدۆزنەوە بۆئەوەی كە تەمویلی موچە دوابخەن ئەگەر ئەو داواكاریانەی پێویستن دەبێت لە سەرەتای مانگدا داوابكرێت، ئەوەی كە تەیف سامی وەزیری دارایی عیراق دەیكات سیاسەتێكە پێمانوایە بەردەوامیش نابێت بەوشێوەیە، چونكە نە پەرلەمانتارانی كورد قبوڵ دەكەن نە سیاسییەكانی كوردو نە حكومەتی هەرێمیش قبوڵی دەكات.