نەوا-
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ یادی 55 ساڵەی رێككەوتننامەی 11ی ئازاری 1970 دەكەینەوە كە بووە خاڵی وەرچەرخان و وێستگەیەكی مێژوویی و گرنگی خەباتی گەلی كوردستان و یەكەم بەڵگەنامەی رەسمیی داننان بە بەشێك لە مافە رەواكانیدا.
ئاماژەی بەوەشدا، ئەم رێكەوتنە بنەمای یاسایی بۆ دەستكەوتەكانی ئێستامان داڕشت، بە شێوەیەك هیچ دەسەڵاتێكی عێراق نەتوانێت جارێكی تر نكۆڵی لە مافەكانمان بكات، لەم یادە شكۆدارەدا، بە رێزەوە یادی ئەو نەبەردانە دەكەینەوە كە لەپێناو ئازادی و مافەكانی گەل و نیشتماندا گیانیان بەخشی.
سەرۆكی هەرێم باسی لەوەشكردوە، رێككەوتننامەی 11ی ئازار، نموونەی چارەسەرێكی دادپەروەرانە بوو لەسەر بنەمای لێكگەیشتن و دانوستان، بەڵام دواتر دەسەڵاتی عێراق لێی پاشگەز بووەوە و لە ئەنجامدا، چەندین دەیە ململانێ و شەڕی لێكەوتەوە كە جگە لە نەهامەتی و ئازار هیچی دیكەی بۆ عێراق نەهێنا، ئەمڕۆش، عێراق هێشتا باجی پابەندنەبوون بەو رێككەوتننامەیە و بە بنەمای هاوبەشیی راستەقینە و مافە دەستوورییەكانی هەموو پێكهاتەكانی دەدات.
نێچیرڤان بارزانی جەختی لەوەشكردەوە، وانە و ئەزموونەكانی مێژوو ئەوە دەسەلمێنن كە سەقامگیری بەدی نایەت تەنیا لە رێگەی دیموكراسی، كە دروشمی شۆڕش بوو، رێزگرتن لە فرەیی، كاری هاوبەش و چەسپاندنی دادپەروەری و یەكسانی لەنێوان هەموواندا، نەبێت.