مەسرور بارزانی و ئەردۆغان كۆبونەوەیەكی داخراویان ئەنجامدا

1 رۆژ پێش ئێستا

نەوا-
مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا كۆبونەوە.
لەوبارەیەوە مەسرور بارزانی بڵاویكردەوە كە لە كۆبونەوەكەدا بەهێزكردنی پەیوەندیی دولایەنەو دوایین پەرەسەندن و پێشهاتەكانی عیراق و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكەو سوریایان تاوتوێ كردوە، جەختیان لە گرنگی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستورو نەهێشتنی ئاستەنگەكانی بەردەم هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان كردەوە. 
راشیگەیاندوە، لەبارەی دۆخی سوریاشەوە، هاوڕابون لەسەر پێویستی پاراستنی ئارامی و ئاسایش و مافی گشت پێكهاتەكانی ئەو وڵاتە.
لەلایەكی ترەوە ئاژانسی ئەنادۆڵ لەبارەی كۆبونەوەكە بڵاویكردۆتەوە، كۆبونەوەكە بەداخراوی بەڕوی راگەیاندنەكاندا بەڕێوەچوە تیایدا هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا ئامادەبوە.  
پێشتریش بەپێی راگەیەنراوێك، مەسرور بارزانی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی توركیا كۆبوەتەوەو برەودان بە پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و توركیا، هەروەها دوایین پەرەسەندنەكانی بارودۆخی گشتی عیراق و ناوچەكەیان تاوتوێ كردوە.
لەلایەكی تر ئاژانسەكەی توركیا راگەیەنراوێكی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەكەی بڵاوكردۆتەوە كە نوح یەڵماز جێگری وەزیری دەرەوەی توركیا لەگەڵ شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ كۆبوەتەوەو كۆبونەوەكەش لەگەڵیدا وەك پارتێكی سیاسیی هەرێمی كوردستان بوە. 

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group