نەوا-
محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق جەختیكردەوە گرنگی بە كاری خۆبەخشانە بكرێت لەروبەڕوبونەوەی ئاستەنگە ژینگەییەكاندا.
بەسەرپەرشتی محەمەد شیاع سودانی لەشاری بەغدا ئاهەنگی رۆژی جیهانی كاری خۆبەخشیی بەڕێوەچو و خەڵاتی نیشتمانی بەسەر چەند هاوڵاتیەكدا دابەشكرد كە لە پارێزگا جیاجیاكانی عیراقەوە میوانداری كرابون.
لەو ئاهەنگەدا سودانی وتارێكی پێشكەشكردو لەبەشێكیدا رایگەیاند، كاری خۆبەخشی حاڵەتێكی مرۆڤدۆستانەیە، خۆبەخشەكان بۆ ئامانجە بەرزەكان پێش دەكەون و هەوڵدەدەن بۆ ئەوەی ئامانجە مرۆییە باڵاكان بەدەستبهێنن تا چیرۆكی ئیلهام بەخش بنوسنەوە.
وتیشی: لەشەڕی دژی داعشدا لەلایەن خۆبەخشەكانەوە پاڵپشتی حكومەت كرا لەو رێگەیەوە شەڕیانكرد خزمەتگوزارییان پێشكەشی ئاوارەكان كرد روبەڕوی قورسترین بارودۆخی وڵات بونەوە، بۆیە هەركەسێك كاری خۆبەخشانە پێشكەش بكات براوەی خەڵاتی مرۆڤایەتییە پێش هەر خەڵاتێكی تر كە پێیان دەبەخشرێت.
سودانی لەبەشێكی تردا رایگەیاند: عیراق لە ریزبەندی وڵاتە یەكەمەكانی جیهانە لەكاری خۆبەخشیدا، جیهانیش بەخشندەیی و كێبڕكێی عیراقییەكان لەكاری خۆبەخشییەوە بۆ نیشتمان دەبینێت، كاری خۆبەخشیی تەنها بۆ كاری خێرخوازی نییە، بەڵكو پێویستە كار لەسەر لایەنی ژینگەیی و ئاستەنگییەكانی بكرێت، چونكە مەترسییەكانی هاوتای مەترسییەكانی تیرۆرە.