لە قوشتەپە ژمارەیەك پاڵاوگەی نایاسایی داخران

4 رۆژ پێش ئێستا

نەوا-
ژمارەیەك پاڵاوگەی نایاسایی لە قوشتەپەی هەولێر داخران و بەهۆی تێكدانی ژینگەشەوە سكاڵای یاسایی لەسەر هاوڵاتیەك تۆمار كرا.
فەرمانگەی ژینگەی هەولێر بڵاویكردۆتەوە، لیژنەكانیان بەهەمەهانگی لەگەڵ قائیمقامیەتی قەزاو ئاسایشی قوشتەپە، هەڵساون بە داخستنی هەندێك لەو پاڵاوگانەی سنوری قوشتەپە كە بە نایاسایی كار دەكەن و پرۆسەی بەرهەمهێنانیان نازانستیەو كاریگەری خراپی هەبوە لەسەر ژینگە.
راشیگەیاندوە، هەڵمەتەكە بەردەوام دەبێت تاكو میكانیزمێكی هەمیشەیی دەدۆزرێتەوە بۆ پابەندبونیان بەڕێنماییە ژینگەییەكان و مەرجەكانی دامەزراندنیان بەگوێرەی پێوەرەكان.
لەلایەكی ترەوە فەرمانگەكە باسیلەوەكردوە كە لەسەرۆكایەتی داواكاری گشتی سكاڵای یاساییان تۆماركردوە لە دژی كەسێك كە دانیشتوی قەزای ناوەندی سۆرانە هەستاوە بە تێكدانی ژینگەو سروشتی كۆیستانەكانی قەزای سیدەكان بەئۆتۆمبێلی جۆری نیسان پاتڕۆڵ و لەتۆڕی كۆمەڵایەتی بڵاویكردۆتەوە، ئەمەش جۆرێكە لە هاندانی كەسانی تر بۆ دوبارەكردنەوەی هەمان سەرپێچی ژینگەیی.
فەرمانگەی ژینگەی هەولێر راشیگەیاندوە ئەم كارەی كراوە بەتاوانی ژینگەیی هەژماردەكرێت و سزا دیاریكراوە بۆ كەسی سەرپێچیكار.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group