نەوا-
عەلی حسێن ئەندامی هاوپەیمانی فەتح دەڵێت، پاڵپشتی توركیا لە هەندێك لایەنی سیاسی بووەتە هۆی بێدەنگییان لەو پرۆسە سەربازیە بەردەوامانەی دەیكاتە سەر ناوچەكانی هەرێمی كوردستان.
عەلی حسێن لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتویەتی، بێدەنگی حكومەت و پەرلەمان لە پێشێلكارییە بەردەوامەكانی توركیا جێی پرسیارە، ئەوەش سەرەڕای ئەوەی هەموو شتێك ئاشكرایە و هێرشەكانی توركیا بەردەوامن.
باسی لەوەش كردووە، پاڵپشتی ئەنقەرە بۆ هەندێك لایەنی سیاسی لەپشت بەردەوامی بێدەنگیانەوەیە لەو هێرشانە، هەرێمی كوردستان هێزی تایبەت بەخۆی هەیە و پێویست بوو یەكەم كەس بوایە بەرپەرچی ئەو هێرشانە بداتەوە، لەبری بێدەنگی و پیشان نەدانی هیچ كاردانەوەیەك.
ئەو ئەندامەی هاوپەیمانی فەتح جەختی لەوەش كردووەتەوە، هەرێمی كوردستان گرێبەستی بازرگانی و نەوتیی لەگەڵ توركیا هەیە و توركیاش بەردەوامە لە لەناوبردنی گەلی عیراقی لە ناوچەكانی باكور، ئەوەش دەیسەلمێنێت كە تێوەگلاوە لەو كارانەی ئەنقەرە كە لە هەرێم دەیانكات.