دیواری راگری شەقامی سالم لەشاری سلێمانی، كە لەلایەن كۆمپانیای ئای كیووە جێبەجێكراوە بەبۆنەی كۆتاییهاتنی پرۆژەكەوە راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە.
لە بەشێكی راگەیەنراوەكەدا ئاماژە بەوەكراوە كە لەرۆژی 07-10-2023 دەستكرا بەپڕۆژەی نوێكردنەوەی دیواری راگری شەقامی سالم و لە 27-11-2023 كارەكانی كۆتاییهات كە وێنەی چەندین كەسایەتی مێژویی و كاریگەری شاری سلێمانی لەسەر نەخشێنراوە.
راشیگەیاندوە كە بەمەبەستی بەدەستهێنانی سیمایەكی شایستەو هاوكات ناساندنی كلتورو فەرهەنگی شارەكە، دەستیانكردوە بە نەخشاندنی دەیان تابلۆی هونەریی ناوازە لەسەر دیواری راگری شاڕێی سالم كە رەنگدانەوەی فەرهەنگ و مێژوی شاری سلێمانییە، لەپێناو نیشاندانی سیمایەكی ناوازەو شایستەتر بە شەقامی سالمی شاری سلێمانی كە یەكێكە لە دیارترین شەقامەكانی شارەكە، بۆیە وەك گوڵیەخەیەك كە هەڵگری ناوی شەقامەكەبێت دەدات لە یەخەی ئەو شاڕێیە.
لەبارەی هۆكاری هەڵبژاردنی ئەو جێگایەش كۆمپانیاكە رایگەیاندوە كە هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆئەوەی شاڕێی سالم شەقامێكی دیارو هاوكات جێگای هاتوچۆی گەشتیاران و زۆرینەی هاونیشتمانیانی شارەكەیە، لەخەمخۆری و دڵسۆزی بۆ شاری سلێمانی و هاونیشتمانیانی، لەسەر ئەركی خۆی و لەڕێگەی چەند شێوەكارێكی بە ئەزمونەوە نەخشاندنی بەشێكی فراوانی شەقامەكەی جێبەجێكردوە. وێنەی كەسایەتییەكان كە لەسەر ئەم دیوارە نەخشێنراون هەر یەكێكیان بەشێكە لە مێژوی پڕ شانازی و رەسەنی شار، رۆژانێك لەم شارە ژیاون و دەنگیان لە شەقامەكانیدا بیستراوە، ژیانیان بەخشیوە بەم شارە.
لە كۆتایی راگەیەنراوەكەشدا ئاسۆز رەشید بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیاكە وتویەتی: سلێمانی پایتەختی رۆشنبیرییەو لەلایەن كەسانی بیرمەندەوە بونیادنراوە، شارێكە جێی شانازییە لە هەموو بوارەكاندا، گەر لە سیمای خەڵكەكەی بڕوانین، دەبینین كە چەند بوێرن و چەند گیانیان بەخشیوە تا ئەمڕۆژەی ئێستا بەدیبێت، هەرگیز لە هەوڵ و تێكۆشانیش نەوەستاون سەرەڕای بونی چەندین كۆسپ و ناخۆشی.