نمونەی سەرمایەداری دڵسۆزی نیشتمانی

مەعرووف مەجید

22/01/2024
حاجی حەبیب كانی شابانی، نموونەی سەرمایەداری دڵسۆزی نیشتیمانی.

مایەی شانازییە، كاتێ گوێبیستی ئەوە دەبین، لەم سەردەمی نائومێدبوون و قەیران و گرفتە سیاسی و دارایی و كۆمەڵایەتیەكان و نەمانی ئینتیما بۆ خاك و نیشتیمان، لە قەزایەكی ئەم نیشتیمانە، گرووپێكی خەمخۆر و دڵسۆز هەن ماوەی چوار ساڵە بە خۆبەخشانە خزمەتی قەزاكەیان دەكەن، بەبێ جیاوازی بیروبۆچون و ئایدیاو و ڕەنگەكانەوە، لەوەش گرنگتر، لە پڕۆژەكەدا، بەرپرسی یەكەمی سەرجەم حزب و لایەن و ڕێكخراوەكان، و فەرمانگەكان ئەندامی خۆبەخشن لە پڕۆژەكەدا.

گرووپی(نەمام) بە پێی لۆگۆكەیان ساڵی ۲۰۱۹ دامەزراوە كە سەردەمی كۆرۆنا بووە، لە ئێستادا زیاد لە حەفتا ئەندامی خۆبەخش لەسەرجەم چین و توێژە جیاوازەكانی قەزاكە ئەندامن، كە بەڕێز كاك زانا ڕەحمان قایمقامی پێنجوێن، یەكێكە لەو ئەندامانە.

سەرجەم تێچووی ئەم كارانە لەلایەن، كەسێكی دڵسۆز و خەمخۆرەوە بەڕێوە دەچێت ئەویش كاك حاجی (حەبیب كانی شابانی) سپۆنسەر و دابینكاری سەرجەم نەمامەكانی هەڵمەتی ناشتنی نەمام لە پێنجوێن...
ئەوەی باس دەكرێت، تا ئێستا ئەم سەرمایەدارە نیشتمانییە نزیكەی (۲۹) هەزار نەمامی بۆ شارۆچكەی پێنجوێن و دەوروبەری دابینكردوە و بەردەوام ساڵانە لە هەوڵی دابینكردنی نەمامی زیاتر دایە بۆ شارۆچكەكە ....
پاراستن و ئاودانی لەلایەن ئیدارەی شارەوە ڕێكاری تایبەتی بۆ گیراوەتە بەر كە تیچووەكەی هەر لەسەر ئەركی كاك حاجی حەبیب كانی شابانییە.
 بەپێی ووتەی قایمقامی قەزاكە،۹۰% نەمامەكان سەركەوتوو بون و ئێستا هاوڵاتیان لەبەرەكەی دەخۆن،  سەرجەم نەمامەكان درەختی توون.
 ئەوەی شایانی باسە، ئەم پڕۆژەیە كە لە ساڵی ۲۰۱٨ وە دەستی پێكردووە، بە دەیان ملیۆن دیناری بۆ تەرخانكراوە، لەلایەن كاك حاجی حەبیب كانی شابانییەوە.
ئەم پیاوە بەڕێزە، جگە لە پڕۆژەی گرووپی نەمام، لە ئێستادا سپۆنسەری پڕۆژەی پێنجوێن شاری فێربوونی گرتۆتە ئەستۆ، كە ماوەی شەش مانگە دەستیان بە چالاكی كردووە، نزیكەی ۱٥۰۰ كەس لە سەرجەم چین و توێژەكان بەشدارییان كردووە لە خولەكاندا، ئەم پڕۆژەیە، دەیەوێ ببێتە ئەندام لە ڕێكخراوی یونسكۆ، كە لەسەر ئاستی جیهان، چەند شارێكی وەكو شاری فێربوون ناساندووە، پڕۆژەی پێنجوێن شاری فێربوون، یەكێكە لە پڕۆژە بێ وێنەكان لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی كوردستان.
لە ئێستاشدا، بیرۆكەیەكی تر كاری لەسەر دەكرێ ئەویش لە بواری پەرەپێدانی كشتوكاڵی مۆدێرندایە. 
بەپشتیوانی خوا، لە نزیكترین كاتدا، هاوشێوەی ئەم گرووپە و كاك حاجی حەبیب، لەسەر داوای ئێمە، لەلایەن بەڕێز، د. هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانییەوە، لە دیوانی پارێزگا سوپاس و پێزانینیان ئاڕاستە دەكەین، بۆ ئەوەی ئەو كارە ببێتە هاندانێك بۆ سەرمایەدارانی تری هەرێمی كوردستان. 

لە كۆتایدا دەڵێم، خۆزگە سەرمایەداران و خێرخوازانی تری سەرجەم شارو شارۆچكەكانی هەرێم هێندەی سەرمایەداری نیشتیمانی و دڵسۆزی خاك، كاك حاجی حەبیب، بیریان لە خزمەتكردنی سنوورەكانیان دەكردەوە.

  مەعروف مەجید
سەرۆكی ڕێكخراوی ئاینده بۆ پاراستنی ژینگە

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group