ئێمە عاشق بە پاشماوە و خاشاكین.

مەعرووف مەجید

12/11/2023

خۆزگە دەمزانی لەچی شوێنێكی تری سەرگۆی ئەم زەوییە، چی میللەت و نەتەوەیەكی تر هێندەی ئێمە عاشق بە  پاشماوە و زبڵ و خاشاكن. 
ئاخر، دەچیتە گەشت و سەیران و بۆنەكانی نەورۆز و بەهار و ناو یاریگا و كۆڕو كۆبوونەوە و لەكاتی دەرچونی خوێندكارانی زانكۆ و سازكردنی كۆنفڕانسەكان....، دوای چەند كاتژمێرێكی كەم ڕێك بارودۆخێك دەخوڵقێنین هەر مەپرسە..
ئەوەی مایەی نیگەرانیە، ئەم دیاردەیە پەیوەندی بە خوێنەوار و نەخوێنەوار و ڕۆشنبیر و ناڕۆشنبیرەوە نیە، هەموومان تێیدا یەكسانین. ئەگەر بە خوێنەواری و ڕۆشنبیری بوایە دەبوو، شەقام و كۆڵان و بازاڕی شارەكان لە هی قەزا و ناحیە و گوندەكان خاوێنتر بوونایە بەڵام بە داخەوە پێچەوانە بۆتەوە. یەكێك لە هۆكارەكانیش زۆربوونی مادە پلاستیكییە سەفەریی و نایلۆنەكانە، كە بە ئاسانترین شێوە و بە هەرزانترین نرخ دەگات بە دەستی هەموو تاكێكی كۆمەڵگە. 
ئەرێ كەس لە خۆی پرسیوە، دوای مانەوەی چەند كاتژمێرێك یاخوود پیاسەیەك بەنێو فیستیڤاڵ و بۆنەكان، دواتر بە دەیان و سەدان تەن پاشماوەی زبڵ و خاشاك لەلایەن ژنگەپارێزەكانەوە كۆدەكرێنەوە، ئاخۆ ئەگەر بۆ ماوەی چەند ڕۆژ و هەفتە و مانگێك بمێنینەوە چی كارەساتێك دەخوڵقێنین؟.

ساڵانە لە زۆربەی شار و شارۆچكەكان فیستیڤاڵ و بۆنەی تایبەت و بە بازڕكردنی كاڵاكان ساز دەكرێ، لە شوێنێكی پاك و خاوێن و ژینگەیەكی تەندروست، دواتر بڕۆن سەیری ئەو شوێنانە بكەن بزانە چی ڕوویداوە، ئەویش بە دەستی كێ بە دەستی مرۆڤەكان. 
بە پێی ئامارێك، تەنها بۆ ماوەی سێ ڕۆژی فیستیڤاڵی هەنار و پایزی هەڵەبجە، بڕی ( 25 ) گەڵابە تەنها زبڵ و خاشاك لە شوێنی فیستیڤاڵەكە كۆكراوەتەوە.
ئەم كارەساتە هەر لە هەڵەبجە ڕوووینەداوە، لە بۆنەكانی سەری ساڵ و ئاهەنگ و بۆنەكانی تر لە زۆرینەی شارەكان دووبارە دەبنەوە.
پێویستە حكومەت و ڕێكخراوەكان و لایەنی پەیوەندیدار، پێش سازكردنی هەر كۆڕ و كۆبوونەوە و فیستیڤاڵێك بیر لە لایەنە ژینگەیی و خاوێنییەكەشی بكەنەوە، ئەویش بە پێدانی هۆشیاری و دانانی بڵندگۆ و پێدانی ڕێنمایی هۆشیاری، هەوڵبدرێ كەمترین كاڵا نمایش بكرێن كە پاشماوەیان هەیە بە تایبەتی پلاستیك و سەفەری، و زۆرترین شوێنی پاشماوەكان دابنرێ بۆ ئەوەی فڕێ نەدرێنە سەر زەوی.
هەرچەندە تەنها بۆنە و فیستیڤاڵەكان ئەم كێشەیەیان نیە، یەك ڕۆژ ژینگەپارێزان نەچنەسەر كارەكانیان شەقام و بازاڕەكان دەبنە زبڵدان، یەك شەو پیاسەیەك بكە بە بەردەم مزگەوتی گەورە و سەهۆڵەكە و بازاڕی ئیسكان و شێخەڵا، ئەو كات ڕاستی ئەو كارەساتانەتان بۆ دەردەكەوێ كە ئێمە چی بوونەوەرێكین لەسەر زەوی، چەندە دژی جوانی و خاوێنی و تەندروستین.....

هەر ئەمەش وای كردووە، ڕۆژانە لە سەرجەم شارەكانی هەرێمی كوردستان، خاوەنی نزیكەی 8000 تەن پاشماوە بین.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group