تونێلەكانی غەزە دەگەنە سودانی!
ئەو جەنگە وێرانكەر و توندەی كەلە ٧ ی ئۆكتۆبەری رابردوو لەنێوان ئیسرائیل و حەماس هەڵایسا ، بەدەر لە دەرهاویشتە ناوخۆیی و ناوچەیی و دەرەكیەكەی بۆ هەردوو بەرەی جەنگەكە، حاڵی حازر بەرەو ئەوە دەچێت كە گورزێك بێت بەر محمد شیاع سودانی و حكومەتەكەی بكەوێت و جارێكی دیكە عیراق بباتەوە ناو بۆشایی سیاسی و ئیداری.
سودانی هەرلەسەرەتاوە ، بە كاریگەری راستەوخۆی گروپە چەكدارە شیعیەكانی نزیك ئیران لەعیراق ، نەیتوانی خوێندنەوەی عەقڵانی بۆ پرسی جەنگی ئیسرائیل-حەماس بكات، یان لەهەندێك لاوە پێدەچێ بەگوشاری توند و راستەوخۆی بەشێك لە سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی هەڵوێستی تارادەی یەكلاكەرەی نواند. هەر بۆیە لەكۆبونەوەكەی لوتكەی جامعەی عەرەبی هەروەك چەكدارەكانی حەماس لەغەزە وتارەكەی بەحەماسەوە دەخوێندەوە و پەنجەی رادەوەشاند. دواتریش وەك نواندنی هەڵوێست لەبێ هەڵوێستی هەندێك لەسەركردەكانی عەرەب ئامادە نەبوو بۆ گرتنی وێنەی كۆتایی راوەستێت.
لەلایەكی دی سەرباری زیادەرۆییەكانی سودانی لەنێوان هەردوو بەرەی ئیسرائیل - حەماس كەنەیتوانی تەنانەت وەك حەسەن نەسروڵا كارلێك لەگەڵ هاوكێشە تێكچنراوەكە بكات ، هەروەها نابێ ئەوە بەنادیدە بگرین كەیاریەكانی سەدر لەناوخۆی عیراق و بەتایبەتی لەمەیدانی تەحریر ،رۆڵی هەبوە لەم داوەی كەسودانی و هاوپەیمانەكانی لەچوارچێوە تێی كەوتوون. چونكە سەدر توانی دۆخەكە بقۆزێتەوە و لەهەلێكی بەپەلەدا خۆپیشاندانی ملیۆنی هەینی لەبەغداد رێكخست و حكومەتی سودانی خستە بەردەم بەرپرسیاریەتی گەورە لەئاست شەری غەزە و دواتر خۆیشی بێ بەری كرد لەوانەی كەدەیانویست بچنە سنوورەكان، واتە سەدر بەم جوڵەیەی تۆپەكەی هەڵدایە ساحەكە كە سودانی ئەگەر بەهەرلایەك لێیبدات ئەوا بەزەرەر بۆی دەگەڕێتەوە.
هەر بۆیە دوابەدوای سەردانە كتوپر و رانەگەیانراوەكەی ئەنتۆنی بلینكین، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ بەغداد كە لەفرۆكەخانە بە پۆشینی جل و بەرگی گولەنەبر پەیامی وریاكەرەوی گەیاندە هەموان، ئیتر سودانی هۆشداریەكانی ئەمەریكا رایچەنی و بەچەند كاتژمێرێك دواتر بەپەلە خۆی گەیاندە لای خامنەیی و لەگەڵ گەرانەوەیشیدا دەستبەجێ سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی و بەتایبەتی قەیس غەزعەلی و ئەبو ئالا وەلائی لەمەترسی دۆخەكە ئاگاداركردەوە بەجۆرێك كەبەردەوامی هێرشی گروپی چەكدارە شیعیەكان بۆ سەر ئەمریكیەكان ، مانای لە گرێژنە دەرچوونی بارودۆخەكەیە و ئەمریكا بەجدی كاردانەوەی سەربازی و ئابووری و دیپلۆماسی بۆسەر حكومەتەكەی دەبێت.
لەم سۆنگەوە ، سودانی لەچەند لایەكەوە بەهۆی بەریەككەوتنی بەرژەوەندی دژبەیەكەكان كەوتوەتە گێژاوێكی قوڵ كەئەوسەری دیار نیە. گێژاوێك كە لەنێوان گوشاری هاوپەیمانەكانی كەبەرەی نزیك لەئیرانن و لەسەر كورسی دەسەڵات دایانناوە و هۆشداری ئەمریكیەكان بە راوەستانی هێرشی گروپە چەكدارەكان بۆ سەر پێگەی ئەمریكیەكان لەناوچەكەو لەولاشەوە جوڵەی ناوە ناوەی سەدریەكان كارێكی كردوە كەهێدی هێدی دەسەڵاتی سودانی بەرەو پشێویەكی نادیار بردووە، وە هەموو ئەمانەلەیادی یەك ساڵی دەستبەكاربوونی كابینەكەی بەرۆشنی بەوتارەكەی سەرۆك وەزیران دیار بوو، چونكە نەیتوانی لەسەر رووبەرووبونەوەی گەندەڵی و كۆنترۆڵنەكردنی دابەزینی نرخی دینار و پەیمانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی كەلەكارنامەكەی حكومەتەكەیدا هاتوە ، هیچ یەكێك لەمانە لەسەر ئەرزی واقع هێمایان بۆ بكات بەوپێیەی كە بەدینەهاتوون.
هەر بۆیە بەهەموو پێودانێك: بەردەوامی جەنگی ئیسرائیل- حەماس بەتایبەت لەئەگەری فراوانبوونی لەناوچەكە ، ئیتر ئاماژەكان بەرەو ئەوە دەبەن كەدواجار تونێلەكانی غەزە رووەو سودانی بچن و بیكەنە چاڵی مەرگی كابینەكەی.
شەپۆلەکانی نەوا