قەرزو قیست و بەهـــــای دۆلار
گۆڕانكارییە خێراو یەك لەدوای یەكەكانی بەهای دۆلار بەرامبەر بەدیناری عێراقی، بەشێوەیەكی راستەوخۆ وناراستەوخۆ كاریگەری دەبێت لەسەر كۆی مامەڵەكانی كڕین و فرۆشتن و قەرزو قیستی مامەڵەكاران، لەم نێوەندەدا هاوڵاتیان بارگرانی زیاتریان لەسەرشان دەوەستێت.
لەبیست ساڵی ڕابردوی هەرێمی كوردستاندا، دوای ئەوەی داهاتی حكومەت و داهاتی تاكەكەس بەرەو بەرزبونەوە ڕۆشت، زۆربەی كڕیاران و هاونیشتمانیانی هەرێم بۆ بەدەستهێنانی شمەك و كاڵاو كەلوپەلی ناوماڵ و ئۆتۆمبیل و یەكەی نیشتەجێ بوون، پەنایان بۆ شێوازی مامەڵەی قیست و قەرزی درێژخایەن بردوە، لەم ڕێگەیەوە دەتوانین بڵێن خواستی زۆربەی كۆمەڵگا هاتوەتەدی و پێداویستییەكانیان دابینكردووە، بەتایبەتی هەموو ئەو كەسانەی كەداهاتیان دیاریكراوە و مووچەخۆری حكومین..
لەدوو ساڵی ڕابردودا بەهۆی دابەزاندنی بەهای دیناری عێراقی لەلایەن بانكی ناوەندییەوە، بەنزیكەی 25% هێزی شتكڕینی دیناری عێراقی بەهاكەی لەدەستدا و مامەڵەكارانی قیست و قەرزی دۆلار ناچار بۆ دانەوەی قیستەكانیان دینارەكانیان لەبازاڕدا ڕێژەی 25% زیاتریان بۆ دۆلار دەگۆرییەوە، ئەمە قۆناغی یەكەمی بارگرانی گۆرانكارییەكانی ئاڵوگۆری دینار بەدۆلار بوو.
لەماوەی دوو مانگی رابردودا، جارێكی تر بەهای دینار بەرامبەر بەدۆلار، ڕێژەی 15% بەهای لەدەستاو سەرەڕای جێگیری نرخی ئاڵوگۆر لەبانكی ناوەندیدا بۆ هەر دۆلارێك 1460 دینارە، بەڵام بەهۆكاری كەمكردنەوەی خستنەڕووی قەبارەی دۆلار لەلایەن بانكی ناوەندی و سپیكردنەوەی دۆلار لەبازاڕەكانی عێراق لەهەمانكاتدا فشارەكانی بانكی فیدراڵی و وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا بۆ بانكی ناوەندی و حكومەتی عێراقی، هەندێ هۆكاری تر. دینار بەهاكەی كەمبوویەوە.
بەهەردوو گۆڕانكارییەكە ڕێژەی 40% بەهای دینار بەرامبەر دۆلار كەمبووەتەوە، لەم نێوەندەدا هەموو ئەو كەس و كڕیارانەی كەقیست و قەرزیان لەسەرە و بەپێ ی گرێبەستی یاسایی پێویستە بەدۆلار بیدەنەوە تووشی زەرەر وزیانی دارایی دەبن، بارگرانی زیاتریان لەسەر دەكەوێت.
بۆ خۆ بەدوورگرتن لەم شێوازی مامەڵەیە و خۆپاراستن لەزەرەروزیانی گۆڕینەوەی دینار بەدۆلار هەندێ هەنگاو ڕێكاری گرنگ و جێ بایەخ هەیە:
* پێویستە حكومەت بەیاسا، سەرجەم مامەڵەكانی كڕین و فرۆشتن لەبچوكترین مامەڵەوە بۆ گەورەترین، بەدراوی نیشتمانی ڕێكبخات و سزای سەرپێچیكاران بدات.
* هەموو گرێبەستەكانی وەبەرهێنان و بازرگانی لەنێوان حكومەت و لایەنی دووەمدا بەدینار بێت، بۆئەوەی مامەڵەكاران لەزەرەر وزیانەكانی گۆڕینەوەی دینار بەدۆلار بەدوور بن.
* هۆشیاری و بەرچاوڕوونی كڕیاران گرنگە، داهات بەچی دراوێكە بەو دراوە خەرجییەكان ڕێكبخرێنەوە، بەتایبەتی مووچەخۆرانی حكومی وكرێكاران، لەبەرئەوەی كەموچەو كرێ بەدینارە باشترە خۆیان بپارێزن لەكڕین بەدۆلار، چونكە لەبەرژەوەندیان نییە دینار بگۆڕنەوە بەدۆلار، هەوڵبدەن ئەو پێداویستییانە بكڕن كەبەدینارە.
* بۆ هەموو ئەو هاوڵاتیانەی كە داهاتەكانیان بەدینارە، پێویستە مامەڵەی قیست و قەرزەكانیان لەو كۆمپانیایانە بكەن كەمامەڵە بەدینار ئەنجام دەدەن.
* دراوی یاسایی و فەرمی لەهەرێم و عێراقدا دینارە، زۆر گرنگە هەموو لایەك بەگشتی و هۆكارەكانی راگەیاندن و سۆشیال میدیا بەتایبەتی، لەهەوڵی بڵاوكردنەوەی هۆشیاری ئابوری و دارایدا بن، بۆ پاڵپشتیكردنی دینار، چونكە یەكێك لەهۆكارەكانی بەرزی بەهای دراو، متمانەیە، هەتا متمانەی هاوڵاتیان بەدراوەنیشتیمانییەكەیان زیاتر بێت، بەهای دراوەكەیان بەرزتر دەبێت، لەماوەی دوومانگی رابردوودا، زۆربەی خەڵك كاریگەر بوون بەهەواڵە بەپەلە و لەناكاوەكانی سۆشیال میدیا، بەداخەوە ڕۆڵێكی نێگەتیڤیان بینی..
*پێویستە لەكاتی ئیمزاكردنی گرێبەستی قەرزو قیستی درێژ خایەندا، بەندێك هەبێت تایبەت بێت بەنەرمی نواندنی گرێبەستەكە بۆئەوەی لەكاتی گۆڕانكاری لەبەهای دراوەكاندا هیچ لایەنێك تووشی زەرەرو زیان نەبن، بەشێوەیەك لەبەرژەوەندی هەردوولادا بێت.
* پێویستە مامەڵەكردنەكان بەدراوی نیشتمانی بكرێت بەكلتور، ناكرێت و لەبەرژەوەندی ئابوری تاك و خێزان و كۆمەڵگا نییە، لەپاڵ دراوی نیشتیمانیدا دراوێكی بیانی بەهابەرز مامەڵەی پێوە بكرێت و بەكاربهێنرێت.
هیوادارین، بابەتی مامەڵەكردنی قیست و قەرز بەدۆلار، چارەسەر بكرێت بۆئەوەی كێشەی دارایی و كێشەی كۆمەڵایەتی لێ نەكەوێتەوە.
*ئابوریناس
شەپۆلەکانی نەوا