مقتدا چی چاند؟ چی چنی؟

بەختیار شاوەیس

30/10/2021

ئەوكاتەی مالكی بەهاوكاری هێزەكانی ئەمریكا لەجەیشی مەهدی باڵە سەربازیەكەی سەدری دا، هەمووی دوو بۆ سێ ساڵ بوو پرۆسەی ئازادی عیراق دەستیپێكردبوو، لەو دەمەدا ئەوەندەی ناوەكانی وەك غازی یاوەر و جەعفەری و عەلاوی و چەلەبی و مۆفەق روبەیعی لەناوەندی سیاسی عیراقی دەهێنران و ناسراوبوون، ناوی مقتدا نەك لەئارادا نەبوو بەڵكو بەكەسایەتیەكی سیاسی هەرزە جارناجار قسەی لەسەر دەكرا.

ئەو لێدانە كەمەرشكێنە كەكۆپتەری سەربازی و زرێپۆشی تیا بەكارهێنرا، هەربەتەنها جەیشی مەهدی هەڵنەوەشاندەوە بەڵكو خودی مقتدا ناچاركرا وڵات بەرەو ئێران و لوبنان چۆڵ بكات و لەئاوارەیی بمێنیتەوە

لەم هەڵبژاردنە، ئەنجامی كورسیەكانی سەدریەكان لەگەڵ هەندێك لایەنی شیعی هێندە جیاوازن كەناتوانرێ بەراورد بكرێت. بەتایبەتی لەنێوان سەدریەكان و حەكیم یان عەبادی، ئەمە جگەلەوەی كەبەبردنەوەی ٧٣ كورسی سەدر بەتەنها لەكۆی شیعیەكانی دیكەی بردوەتەوە

سەركەوتنی سەدر لەماوەی ئەو دە ساڵەدا بەشێوەیەكی ئۆرگانیكی بۆ كۆمەڵێك فاكتەری بابەتی و خودی دەگەرێتەوە، كەلەخوارە كورتیان دەكەینەوە؛

یەكەم: تەكتیكی سیاسی

هەڵبەز و دابەز لەبریارەكانی، پەشیمان بوونەوەی لەناكاو لەقسەكانی ، دیارترین خاڵی ناسەرەوەی كەسایەتی سەدرە. لەهەڵبژاردنەكانی ٢٠١٤، ٢٠١٨ و ٢٠٢١ هەمووی بەچەند مانگێك بەر لە دەنگدان بایكۆتی هەڵبژاردنی كردوە و دواتر پەشیمان بوەتەوە، زیاتر لەمەش دەیوت ئیتر سیاسەت ناكات. هەموو كاتێكیش بەشێك لە نەیارەكانی بەم قسانە دڵخۆشكردوە، بەڵام دواتر دەركەوت كەئەمەیان تەكتیكی سیاسی بوە و بەقازانجی شكاوەتەوە، وەك لەمەی ئەم هەڵبژاردنەی كۆتایدا كردی و باس لەوە دەكرێ كەگەمەكەی بۆئەوە كردبێت بەرەی نزیك لە ئێران زیاتر داوای هەڵبژاردن بكەن و دوای نەخەن، كەلەمەشدا پێدەچێ كازمی لەتەكتیكەكە بەشدار بووبێت

دووەم: تەكنیكی انتخابی

تەیارەكەی مقتدا خاڵێكی زۆر بەهێزی لەمەسەلەی هەڵبژاردن، وابەستەیە بەبوونی ئەو ماكینە انتخابیە ورد و بەسەلیقەیەی كەدروستی كردوە. بەجۆرێك كەلەشەوی دەنگدان لەسەر یاسای هەڵبژاردنەكان لەناو پەرلەمانی عیراق، تیمی هەڵبژاردنی سەدریەكان زۆر بەوردی داتا و ئاماری تەواوی ناوچە و بازنەكانی هەڵبژاردنیان لابوو، خاڵی لاواز و بەهێزی خۆیان و ركابەرەكانیان دەزانی. ئاگاداری تەواوی ناوچەی چری دەنگدەری خۆیان بوون وە بەپێچەوانەوە. هەوڵیان دەدا بازنەكان بەشێوەیەك دابەشبكرێ كەلەبەرژەوەندی خۆیانە و لەدژی نەیارەكانیانە. هەر بۆیە دەبینین كە تێكرای كورسیەك لەسەر سەدریەكان یانزە هەزار دەنگ كەوتوە، بەڵام لای فەتح و گروپەكانی دیكە دووهێندەو زیاتریش واتە بەنزیكەی بیست و پێنج هەزار كەوتوە. لەلایەكی دیكەوە هەر ئەم ماكینە انتخابیەی سەدریەكان بوون كەلەسەروبەندی خۆپیشاندانەكانی تشرین كاریگەریان لەسەر لایەنەكانی دیكە دروستكرد بۆئەوەی ئەم یاسایە و بەم شكڵە ئامادە بكرێ و لەپەرلەمان بەگوشاری شەقام دەنگی لەسەر بدرێ. كەواتە مقتدا و رەوتەكەی ئەگەر لەرووخساردا بەرگێكی ئاینی و مەزهەبی بن، ئەوا لەژێر عەباكەیەوە حەرەكەیەكی مۆدێرنی سیاسی عێراقین كەئەگەر هیچ نەبێت لەتەكتیكی هەڵبژاردن باشتر تێدەگەن بەراورد بەحیزب و رەوتەكانی دیكە

سێ یەم: گەندەڵیسازی و جەماوەرناسی

یەك كابینەی رابردوو نیە، نوێنەری سەدری تیا نەبووبێت. كەواتە ئەگەر گەندەڵی سیمای دیاری حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عیراق بێت، ئەوا مەنتقی نیە سەدریەكان بێبەری بن لەگەندەڵی. بەڵام خاڵی جیاوازی ئەمان لەلایەنەكانی دیكە ئەوە بوە كەبەهۆی ئەو مەركەزیەتە بەهێزەی بریاردان كەلەخودی كەسایەتیەكدا كۆبوەتەوە و ئەویش مقتدایە، و راستەوخۆ بەسزادانی بەرپرس یان وەزیرەكە ئەستۆپاكی سەدریەكانی دەرخستوە و سەرەنجام سەرنجی شەقام و دەنگدەری بۆ تەیارەكەی راكیشاوە.

بەپێچەوانەی هەندێك لەلایەنەكانی دیكەوە كەلەحاڵەتی هەبوونی پرسیار و گومانی گەندەڵی لەسەر شەخسی وەزیرەكەیان یان ئەو وەزارەتەی كە لایان بوە، بەهەموو تواناوە بەرگریان لێكردوە یان بەبەرتیل و رەشوەدان كابرای بەرپرسیان رزگار كردوە. دیارترین نمونەی نزیك رووداوی ئاگركەوتنەوەكەی نەخۆشخانەكەی بەغداد و تەقینەوەكانی تاوەرەكانی كارەبای مانگی حوزەیرانی رابردوو بوو، كە بە دوو تویت مقتدا هەردوو وەزیری تەندروستی و وەزیری كارەبای ناردە ماڵەوە، دواتر مەسەلەكە بەقازانجی سەدریەكان شكایەوە و تێروانینی شەقام بۆ ئەوە راكێشرا كە ئەمان دژی هەرجۆرە گەندەڵی و كەمتەرخەمیەكن و لەكەس نابورن.

پرۆسێسی جەماوەرناسی و تاكناسی عیراقی لای سەدر بەجۆرێك رەنگیدایەوە كە بەرۆژدا مقتدا  خۆپیشاندانی ملیۆنی لەبەغداد بۆ بەدیهێنانی چاكسازی لەحكومەت بەرێوە دەبرد، بەشەویش وەزیرەكانی لەگەڵ عەبادی و كازمی كاروباری حكومەتیان دادەرشت

هەربۆیە مقتدا سەدر بە كۆمەڵێك تەكتكی سیاسی و تەكنیكی انتخابی توانی سەركەوتنێك بچنێتەوە كە هیچ لایەنێكی ناوخۆیی و دەرەكی نەتوانێ اعترافی پێ نەكات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group