خەنجەرەکەی بارزانی و وەفدەکەی ئەمڕۆ لە بەغدا

بەختیار شاوەیس

10/12/2020

لە دوانزەی مانگی ڕابردوو کاتێک یاسای قەرز دەرچوو، مەسعود بارزانی وتی لەپشتەوە خەنجەریان لەگەلی کوردستاندا. 
هەر ئەوکات وتمان نەخێر ئەوە سیاسەتی شکستخواردووی نەوتی هەرێمە کە خەنجەری لەپشتەوە لەخەڵکی کوردستانداوە. 
ناچمەوە سەر ئەوەی کەچۆن هەندێک کۆیلە ئەوکات تەخوینیان کردین و بەخائین و ناحەزی هەرێم تانەو تەشهیریان بۆ داتاشین.
دواتر چەند ڕۆژێکیش یاریان بەشعوری خەڵک کرد و وتیان کازمی یەکجار 320  ملیار دینارەکە دەنێرێ. هەر ئەوکات وتمان ، مستەفا کازمی یاسای قەرز دەست و قاچی بەستوە و هەتا نەڕۆن نەوت تەسلیم نەکەن شتی وانابێت. دیسانەوە کراینەوە جاش و ناحەزی هەرێم، قەوانە سواوەکەیان بۆ لێداینەوە.
ئێستا حکومەتی هەرێم، هەموو پابەندیەکی بۆ یاسای قەرز دەربڕیوە و وەفدێکی بەدەسەڵاتەوە( وەک خۆیان دەڵێن ) ناردوەتە بەغداد هەتا یاسای قەرز جێبەجێ بکات و دەڵێن تۆپەکە لەساحەی حکومەتی عیراقە.
ئالێرەدا دەپرسین؟
ئەی ئەگەر مانگێک لەمەوبەر خەنجەر لەکوردستان درا، ئەوا خێرە ئێستا وەفدێکتان ناردوە و ڕازیبوون بەو یاسایەی ناوتانناوە یاسای خەنجەر؟؟؟
ئەی تەشهیرو تۆمەتەکانی مانگێک پێشترتان چی لێدەکەن، هەر لەبەرئەوەی وتمان ئەوە خەنجەری خۆتانە؟؟؟
خۆ ئێستا زانیتان کێ ڕاستی کرد و کێش چەواشەکاری و قسەی ناشرین و بێ بنەما دەکات.؟؟؟
ئەی لەبیرتان نیە دوابەدوای دەرچونی یاسای قەرز ڕاستەوخۆ وتەبێژی حکومەتی عیراق داوایکرد هەرێم بەپەلە بێتە بەغدا و ڕێکبکەون لەسەر یاساکە بەڵام حکومەتی ئێرە هەر لەخەنجەرەکەوە سەیری چارەسەری کێشەکانی دەکرد. 
ئێستایش لەدوای یەک مانگ حکومەتی هەرێم خەبەری بوەتەوە وەفدەی ناردوە و دەڵێ ڕێکدەکەوین. کە پێدەچێ کاتەکە زۆر درەنگ بێت و هیچی لێ شین نەبێ.
ئەی نازانن کە زۆر دەمێکە وتویانە ( لەدوای باران فەرەنجیم بۆچیە؟؟ )
بڕۆن فریای پڕۆژەیاسای بودجەی 2021. با ئەویش بەدەردی ئەم نەچێ ...

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group