ساڵی رابردو زیاتر لە 500 دەرمانخانەو نۆرینگە لەسلێمانی داخراون

2 رۆژ پێش ئێستا

نەوا-
لیژنەی تەندروستی لە قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاندوە، چاودێری هەمو ئەو شوێنانە دەكەن كە دەرمانی تێدا دەفرۆشرێن، لەماوەی حەوت ساڵیشدا زیاتر لە پێنج هەزار كەس سەردانیان كردوە.
كاردۆ وەهبی نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی لە لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی لە لێدوانێكدا رایگەیاندوە: لیژنەی تەندروستی بەردەوام سەردانی دەرمانخانە، تاقیگە،‌ نۆرینگەو هەمو ئەو شوێنانە دەكات كە هاوڵاتیان بۆ وەرگرتنی چارەسەر روی تێدەكەن، تا رۆژی 31-12ی ساڵی رابردو 2 هەزارو 944 پسوڵەی سەرپێچی تۆماركردوەو بەپێی رێنماییەكان خاوەنەكانیانی روبەڕوی رێكاری یاسایی كردوەتەوە.
كاردۆ وەهبی وتوشیەتی: 455 شوێنیان ئاگادار كردوەتەوە كە پابەندی رێنماییەكانی وەزارەتی تەندروستی و مەرجەكانی دیكەی كاركردن بن، هەروەها بەهۆی چەندبارەكردنەوەی سەرپێچی لیژنەكە 523 دەرمانخانە،‌ نۆرینگە، تاقیگەو دوكانی گیا دەرمانیان داخستوە. 
نوێنەرەكەی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی راشیگەیاندوە: بەپێی رێنماییەكان 18 جۆر دەرمان بۆ نۆرینگەكان دیاریكراون، بۆیە ‌دەبێت پابەندبن و تەنها ئەو جۆرە دەرمانانەی كە بۆیان دیاریكراوە بدەن بەچارەخوازان.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group