نەوا-
وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی كوردستان لە وەڵامی ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا رایگەیاند، لیستی موچەی هەرێم پاك و بێ كێشەیە.
وەزارەتی دارایی لە راگەیەنراوێكدا وەڵامی ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقی دایەوەو لەبەشێكدا وەزارەتی دارایی رایگەیاندوە، پەرلەمانتارێكی عیراق لە لیستی یەكێتی چەندین ناڕاستی لەسەر لیستی موچەی هەرێمی كوردستان خستوەتەڕو گوایە نزیكەی 750 هەزار ناوی هاوردەی دوبارەو مردو لە لیستی موچەی هەرێم هەیە ئەوەش هۆكاری درێژەكێشانی كێشەی موچەیە، ئەم لێدوانە لەكاتێكدایە میلاكی فیعلی هەرێم بەشارستانی و سەربازییەوە لەبەغداو لە لیستی موچە نزیكەی 702 هەزار كەسە.
وەزارەتی دارایی لەبەشێكی تردا راشیگەیاندوە، تیمە تەكنیكییەكانی وەزارەتی دارایی هەرێم بەدرێژایی ساڵی رابردو هەرچی داواكاری و تێبینی وەزارەتی دارایی عیراق هەبوە لەسەر لیستی موچە چارەسەریان كردوە، ئەو داتاو زانیاریانەی لەوەزارەتی دارایی هەرێمی كورستانە وردبینی دەكرێت واتە سەرجەم داتاكان دەبێت بە داتای حكومەتی هەرێم نەك وەزارەتی دارایی و هیچ كەس و لایەنێك ئامادە نییە بەبێ ئاگاداریان هیچ ناوێك زیادو كەم بكرێت.
ئاماژەشیكردوە، بەدرێژایی ساڵی رابردو لەهیچ راپۆرتێكی دیوانی چاودێری دارایی عیراق و نوسراوی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بەهیچ جۆرێك ئاماژە بەبونی ژمارەیەكی لەو شێوەیەو كێشەی لەو جۆرە نەكراوە، بۆیە رایدەگەیەنین كە لیستی موچەی هەرێم پاك و بێ كێشەیە.