سەنتەری میترۆ: ساڵی رابردو دۆخێكی پڕ ئاڵنگاریی بوە بۆ كاری رۆژنامەنوسی

17 کاتژمێر پێش ئێستا

نەوا-
لەمەراسمێكدا لەشاری سلێمانی سەنتەری‌ میترۆ بۆ داكۆكی لە رۆژنامەنوسان ئاماری پێشێلكارییەكانی‌ ساڵی‌ 2024ی‌ بەرامبەر رۆژنامەنوسان و دەزگاكانی‌ راگەیاندن بڵاوكردەوە.
لە مەراسیمەكەدا دیاری محەمەد بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ رایگەیاند، چواردەهەمین راپۆرت سەبارەت بە ئازادی رۆژنامەگەریی لە هەرێمی كوردستان بڵاودەكاتەوەو دەیخاتە بەردەم رای گشتی و حكومەتی هەرێمی كوردستان و هەمو لایەنە بەرپرسەكان بەئامانجی روبەڕوبونەوەی ئەو كلتورە بێ سزایەی كە رێگە بە تاوان دەدات و یاساش بۆ سزادانیان ئامادە نیە.
وتیشی: میترۆ درێژە بە رێبازی ساڵانەی خۆی دەدات لەسەر بنەمای خەبات بۆ ژینگەیەكی یاسایی و پیشەیی كە تیایدا رۆژنامەنوسان و دەزگاكانیان بتوانن بە شێوەیەكی سەربەخۆ و ئازاد كاربكەن بۆ بەدەستهێنانی متمانەی كۆمەڵگا.
دیاری محەمەد لەبەشێكی تردا وتی: ئەم راپۆرتە شاهیدی دۆخێكی تری پڕ لە ئاڵنگارییە بۆ كاری رۆژنامەنوسان و تیرۆر كردنیان بە فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان و هەوڵی كوشتن و هەڕەشە كردن و هێرش بۆ سەر تیمی كەناڵەكان و رێگری و شكاندنی كەلوپەلی رۆژنامەوانان و لێپێچینەوە نادادپەروەرانەو دەستگیركردن بەبێ فەرمانی دادوەرو جیاكاری و پێنەدانی زانیاریی.
پاشان لەمەراسیمەكەدا سیڤا ئازاد ئاماری پێشێلكارییەكانی خوێندەوەو رایگەیاند،  لەساڵی 2024 دا 182 پێشێلكاری بەرامبەر بە 176 رۆژنامەنوس  و دامەزراوەی میدیایی تۆماركراو ن و سێ حاڵەتی كوشتنی رۆژنامەنوسان بە درۆن و 24 حاڵەت دەستبەسەركردن بەبێ بڕیاری دادگاو 17 حاڵەتی زەوتكردنی كەلوپەلی رۆژنامەنوسی تۆمار كراون، هەروەها 27 حاڵەتی هێرش و لێدان و هەڕەشە هەبون و 103 حاڵەتی رێگریكردنیش هەبون، لەگەڵیشیدا 6 حەڵەتی هێرشی ئەلكترۆنی و 2 حاڵەتی شكاندنی كەلوپەلی رۆژنامەنوسی تۆمار كراون.
راشیگەیاند، لەساڵی 2023 دا 231 پێشێلكاریی تۆمار كرابون و لەساڵی 2024 دا ژمارەكە داشكاوە بۆ 182 پێشێلكاریی.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group