بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە رونكردنەوەیەكدا بڵاویكردەوە، ماتۆڕسكیلی ئەو گەشتیارە هۆڵەندیەی دزرابو رادەستی خاوەنەكەی كرایەوە.
لەبەشێكی رونكردنەوەكەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێردا هاتوە، دوای بڵاوبونەوەی گرتەیەكی ڤیدیۆیی لە پلاتفۆرمەكانی سۆشیال میدیا كە ئافرەتێكی بە رەچەڵەك هۆڵەندی كەوا وەكو گەشتیار سەردانی هەرێمی كوردستانی كردبو لە یەكێك لە هۆتێلەكانی شەقامی (شەست مەتری) لەشاری هەولێر ماتۆڕسكیلەكەی دزراوە، پاش ئاگاداركردنەوەیان دەستبەجێ تیمەكانیان دەستیان بە لێكۆڵینەوە كردوە.
راشیگەیاندوە، دوای بەدواداچون و بەدەستهێنانی زانیاری، توانراوە لەماوەی كەمتر لە چەند كاتژمێرێكدا ماتۆڕسكیلەكەی بۆ بدۆزنەوە لە كاتێكدا چەند مەترێك لە شوێنی مانەوەی دورخراوەتەوەو ماتۆڕسكیلەكەی لەكار كەوتوە دواتریش رادەستی خاوەنەكەی كراوەتەوە.
پۆلیسی هەولێر راشیگەیاندوە، گەشتیارەكە هیچ سكاڵایەكی یاسایی تۆمار نەكردوەو لێكۆڵینەوەی پۆلیسیش سەبارەت بەو روداوە بەردەوامە.