سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەبارەی رەوشی سوریاو روخاندنى بەشار ئەسەدەوە پەیامێكی بڵاوكردەوە.
بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی لە پەیامێكدا رایگەیاندوە، بە وردی چاودێریی روداو و پێشهاتەكانی سوریاو رۆژئاوای كوردستانیان كردوەو بە بایەخەوە لە گۆڕانكاری و كاریگەرییەكانی دەڕوانن، رێز لە ئیرادەی خەڵكی سوریا دەگرن و ئەو بڕیارانەش كە لەبارەی داهاتوی وڵاتەكەوە دەدرێن، بەڵام لەچوارچێوەی پاراستنی مافی هەمو نەتەوەو پێكهاتەكان و لەبەرچاوگرتنی ئەو واقیعە سیاسییەی لەو وڵاتەدا هەیە، تاوەكو بە سیاسەتێكی نیشتمانیی هاوبەشەوە قۆناغێكی نوێی حوكمڕانی و دادپەروەر بێتەكایەوەو داهاتویەكی سەقامگیر بۆ خەڵكەكەی مسۆگەر بكرێت.
سەرۆكی یەكێتی راشیگەیاندوە، لەم دۆخە هەستیارەدا پشتیوانی تەواومان بۆ خوشك و برایانمان لە رۆژئاوای كوردستان دوپات دەكەینەوە، هیوادارن هەمو بە یەك دەنگ و بە گوتارێكی نیشتمانییەوە پشتیوانیان لێبكەن و روبەڕوی ئەو مەترسییانە بوەستنەوە كە هەڕەشەن بۆ سەر ژیان و سەقامگیرییان.