هەناردەكردنی غازی ئێران بۆ عیراق راگیراو بەرهەمهێنانی كارەبا كەمدەبێتەوە

23 کاتژمێر پێش ئێستا عێراق

نەوا-
وەزارەتی كارەبای عیراق رایگەیاند، بڕی بەرهەمهێنانی كارەبا كەمدەبێتەوە بەهۆی وەستانی هەناردەی غازی ئێران كە سەرچاوەیەكی دابینكردنی كارەبا بوە.
لە بەیانننامەیەكدا وەزارەتی كارەبای عیراق بڵاویكردۆتەوە، بەهۆی راگرتنی هەناردەكردنی غازی ئێران بۆ عیراق توانای بەرهەمهێنانی كارەبا لاوازبوەو لە ئێستادا وەزارەت پلانە ستراتیژی و فریاگوزاریەكانی خۆی جێبەجێ دەكات بۆ بەرزكردنەوەی تواناكانی سیستمی كارەبای نیشتمانی لەسەرجەم كەرتەكانیداو سەرقاڵی دەستپێكردنەوەی پڕۆژە دواكەوتوەكانە كە ساڵانێكی زۆرە وەستاون بۆ بەدەستهێنانی بەرهەمهێنانی كارەبای زیاتر.
وەزارەتی كارەبای عیراق زیانی 5 هەزارو 500 مێگاواتی بەهۆی وەستانی تەواوەتی دابینكردنی غازی ئێران راگەیاندو جەختی كردرتەوە، هەماهەنگیی خۆی لەگەڵ وەزارەتی نەوت زیاد دەكات بۆ قەرەبوكردنەوەی ئەو غازەی كە لەدەستچوە، وەستانی دابینكردنی غازی ئێران بۆ مەبەستی چاككردنەوەیە كە ماوەی 15 رۆژ دەخایەنێت و پێشتر بۆ  بەغداو ناوچەی ناوەڕاست و پارێزگاكانی فوراتی ناوەڕاستی هەناردە دەكرد.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group