لێدوانی هەردوو سەرۆكی پارتی و یەكێتی لەبارەی پێكهێنانی حكومەتی داهاتوەوە

31/10/2024

سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، پێویستە حكومەتی داهاتو لەسەر بنەمای یەك هەرێم و پەرلەمان و حكومەت بێت.
مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لەمیانی بەشداریكردنی لە كۆنگرەی پزیشكی میزۆپۆتامیا  وتارێكی پێشكەشكردو لە بەشێكیدا تیشكی خستەسەر پێكهێنانی حكومەتی داهاتو وتی: ئێستا هەڵبژاردن كراوەو ئەنجامەكانیش راگەیەنراون ئیتر كاتی ئەوەیە گفتوگۆ بكرێت لە نێوان هەموو لایەنەكان و پێوەریش ئیستحقاقی ئینتیخابی بێت و لە هەموی گرنگتر ئەوەیە كە حكومەتی داهاتو و دۆخی هەرێم بۆ داهاتو دەبێت لەسەر بنەمای یەك هەرێم و پەرلەمان و یەك حكومەت و 
یەك هێزی پێشمەرگە بێت.
وتیشی: رێگری بكرێت لەو كارە نایاساییانەی كە دەكران وەك دروستكردنی كارخانەو بازرگانیكردن بە مادەی هۆشبەر یان تیرۆر، یان لادان لە یاسا، دەبێت سنورێك بۆ ئەم شتانە دابنرێت دەبێت یاسا سەروەر بێت.
پێشتریش بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دیداری مێری لەشاری هەولێر رایگەیاند، یەكێتی لەڕكابەری ناترسێت، بەڵام هەمومان پێویستمان بەیەكترییەو دەبێت رێز لەیەكتر بگرین و بارودۆخێك دروستبكەین كە لایەنەكان لەبری ئەوەی پێیان شەرم بێت بەشداری حكومەت بكەن، بێنە ناو حكومەت و گۆڕانكاری بكەن، ئێمە ئامادەی دانوستانین لەگەڵ لایەنەكان هەرچەندە ئاسان نییە.
بەپێی راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەوە، پارتی 39 كورسی و یەكێتی 23 كورسی بەدەستهێناوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group