ئەردۆغان: لە كۆنگرێسی ئەمریكا چەپڵە بۆ بكوژێك لێدرا

27/07/2024 جیهان

نەوا-
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا رایگەیاند، بكوژێك لە كۆنگرێسی ئەمریكادا چەپڵەی بۆ لێدراو شەرمیان نەكرد هیتلەری سەدەكەمان بكەنە تاجی سەریان.
ئەردۆغان لە وتارێكدا رایگەیاند، بەرەبەرە كاتی ئەو سیستمە بەسەردەچێت كە سەركەوتوەكانی جەنگی دوەمی جیهانی لەڕوی ئابوری، سیاسی، سەربازیی و دیپلۆماتییەوە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانیان بونیادیان نابو.
ئەردۆغان رەخنەی لە كۆنگرێسی ئەمریكا گرت بۆئەوەی رێگەیانداوە بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل وتار پێشكەش بكات و وتی: هەمو جیهان شاهیدی ئەوە بون چۆن بكوژێك لە كۆنگرێسی ئەمریكادا چەپڵەی بۆ لێدرا، كەسێك چەپڵەی بۆ لێدەدرێت كە خزمەت بە مرۆڤایەتی بكات، بەڵام بكوژی 40 هەزار مرۆڤ لەمنداڵ، ژن و پیرەوە لە كۆنگرێسدا چەپڵەی بۆ لێدەدرێت، ئەوانەی كە وانەی دیموكراسی و مافەكانی مرۆڤ بە هەمو جیهان دەڵێنەوە، شەرم ناكەن لەوەی هیتلەری سەدەكەمان بكەنە تاجی سەر.
سەرۆك كۆماری توركیا راشیگەیاند، بەرەوڕوی عەقلییەتێكین كە نەك پێشوازی لە بكوژێك دەكات كە دەستی بەخوێنی 150 هەزار خەڵكی غەزە سورە، بەڵكو گوێ لە وتە پوچەكانی رادەگرێت و چەپڵەی بۆ لێدەدات.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group