نەوا
وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: لەسەرەتای مانگی داهاتوە لە رۆژانی تاقیكردنەوەكانی خولی دوەمی قۆناغی 12ی ئامادەییدا، رۆژانە چوار سەعات هێڵی ئینتەرنێت بۆ ماوەی 10 رۆژ رادەگیرێت.
لە راگەیەندراوێكدا وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان باسی لەوەكردووە: لەسەر فەرمانی وەزیری گواستنەوەو گەیاندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان و لەسەر داوای وەزارەتی پەروەردە كە لە نوسراوی ژمارە 147یان لە 25/8/2020 ئاراستەی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن كردوە، داوای هاوكاریكردنیان دەكەن بە ڕاگرتنی خزمەتگوزاری هێڵەكانی ئینتەرنێت لە ڕۆژانی تاقیكردنەوەكانی خولی دوەمی قۆناغی دوانزەی ئامادەیی.
بەپێی فەرمانی وەزیری گواستنەوە و گەیاندن، كۆمپانیاكانی دابینكردنی خزمەتگوزاری ئینتەرنێت، لە رۆژانی (1/9/2020 تاوەكو 10/9/2020 ) ، لە سەعات 6-10 ی بەیانی هێڵەكانیان رادەگرن.
راشیگەیاندوە، "ئەمەش بە مەبەستی رێگریكردنە لە حاڵەتی گزیكردن لەكاتی بەڕێوەچونی تاقیكردنەوەكاندا."