نەوا-
هێرشێكی وێرانكەری ئیسرائیل بۆ سەر پارێزگای جێنین لە فەڵەستین ئاوارەبونی بەكۆمەڵی دانیشتوانەكەی لێكەوتەوە.
ماڵپەڕە عەرەبییەكان لەزاری دەسەڵاتدارانی فەڵەستینەوە بڵاویانكردوەتەوە، هێزەكانی ئیسرائیل بەردەوامبون لەهەڵمەتە كوشندەكانیان بۆ سەر پارێزگای جێنین لە فەڵەستین و لە كەرتی رۆژئاوا، هێرشەكە ژێرخانی وێرانكردوەو نزیكەی 2 هەزار خێزانیش ناچاربون ئاوارەبن، ئەو ئۆپراسیۆنەش دوای رۆژێك لەهێرشە زەمینی و ئاسمانییەكان بۆ سەر جێنین دێت كە لانیكەم 10 كەس كوژراون.
لەلایەن خۆشیەوە كەمال ئەبو ئەلروب پارێزگاری جێنین رایگەیاندوە، دۆخەكە زۆر سەختەو سوپای ئیسرائیل بە بلدۆزەرەوە چوەتە ئەو رێگایانەی كە بەرەو كەمپی پەنابەرانی جێنین و نەخۆشخانەی حكومی پارێزگاكە دەچن.