نەوا-
بەمەبەستی ئاسانكاریكردن بۆ كەناڵەكانی راگەیاندن و رۆژنامەنوسان لە رۆژانی قەدەغەی هاتوچۆی سەرژمێری گشتی دانیشتواندا وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە.
بەگوێرەی راگەیەنراوەكە كە ئاڕاستەی سەرجەم كەناڵەكانی راگەیاندن كراوە تیایدا هاتوە، لەسەر بنەمای ئەو بەرپرسیارێتییە نیشتمانییەی كە لەسەر هەمو لایەكە بۆ سەركەوتنی سەرژمێری گشتی دانیشتوان و نیشتەجێبون كە لەلایەن وەزارەتی پلاندانان و دەستەی ئامارو سیستمی زانیاری جوگرافی لە رۆژانی 20 و 21/11 ئەنجام دەدرێت، لە هەوڵێكی كۆمسیۆنی پەیوەندییەكان و راگەیاندن بۆ دابینكردنی سەرجەم پێداویستییەكان بۆ روماڵی میدیایی بە هاوكاری لایەنە پەیوەندیدارەكان كاردەكەین بۆ دەركردنی باجی تایبەت بە راگەیاندن و رۆژنامەنوسان بەمەبەستی بەخشینیان لەو قەدەغەی هاتوچۆیەی كە لەم ماوەیەدا دیاریكراوە.
وەزارەتی پێشمەرگە راشیگەیاندوە كە سەرجەم كارمەندەكانی كەناڵەكانی راگەیاندن كە سروشتی كارەكەیان پێویستی بە گەشتكردن هەیە لە ماوەی قەدەغەی هاتۆچۆكەدا پێویستە داواكاری پێشكەش بكەن تا كاتژمێر 12ی شەوی یەكشەممە 10/11 بۆ ئەوەی رێكارەكانی دەركردن و دابەشكردنی باجەكان تەواو بكرێن.