نەوا-
لەپاش سەردانەكەی بۆ بەغداو كۆبونەوەی لەگەڵ سەرۆكی وەزیرانی عیراق، لوید ئۆستن وەزیری بەرگریی ئەمریكا گەیشتە شاری هەولێرو لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆبۆوە.
لەپاش كۆبونەوەكە لە پرێس كۆنفرانسێكدا نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند: هاوڕابوین كە چارەسەركردنی كێشەكانی هەولێرو بەغداو سەقامگیری سیاسی و ئەمنی و ئابوری بۆ عیراق لەگەڵ خۆیدا دێنێت، هاوڕابوین لە پشتگیریكردنی حكومەتی فیدراڵی عیراق و كاركردنی هاوبەشمان لەناوچەكە بۆ پاراستنی سەقامگیری.
نێچیرڤان بارزانی وتیشی: هەروەها دوپاتمانكردەوە كە هەرێمی كوردستان وەك هەمیشە فاكتەری ئارامی و سەقامگیری دەبێت، سوپاسی رۆڵی تایبەتی ئۆستن دەكەین لە هاوكاریكردنی پێشمەرگە سوپای ئەمریكا دەكەین بۆ پشتگیری بەردەوامی لەعیراق و هەرێمی كوردستان، ئێمەو ئەمریكا بەرژەوەندی و بەهای هاوبەش پێكەوە كۆماندەكاتەوەو هەر پێكەوە دەتوانین ئارامی و سەقامگیری عیراق و بەرژەوەندی هاوبەش بپارێزین.
لەلایەن خۆشیەوە لوید ئۆستن رایگەیاند: شەڕی هاوبەشمان دژی داعش كردوەو پێكەوە كاركردنمان كاریگەریی هەبوە تا سەقامگیری بۆ عیراق بگەڕێنینەوە، بۆیە سوپاسی هێزی پێشمەرگە دەكەم بۆ ئەو رۆڵەی گێڕاویەتی لە عیراقدا.
ئۆستن راشیگەیاند: خۆشحاڵین كە هاوكاری هێزەكانتان بكەین، هەروەها جەخت لەسەر لێكتێگەیشتنی وەزارەتی بەرگری و وەزارەتی پێشمەرگە دەكەینەوە تاكو چاكسازی بكرێت، چونكە تائێستا مەترسییەكان و هەڕەشەكانی داعش هەر ماون.
وەزیری بەرگری ئەمیكا لەبەشێكی تری قسەكانیدا رایگەیاند: ئیدانەی هێرشەكانی ئێران دەكەین كە ژیانی هاووڵاتیان دەخاتە مەترسیەوەو دەبێت هەولێرو بەغدا پێكەوە كار بكەن و پێویستە سەركردەكانی هەرێمی كوردستانیش دەستبەرداری جیاوازییەكانیان بن تاكو خۆشگوزەرانی بەدیبهێنن.