نەوا-
دوو ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە رونكردنەوەیەكدا دەڵێن، شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ موزایەدە دەكات و خۆڵ دەكاتە چاوی خەڵك، ئەو بەناوی حزبەوە داوای هاوردە كردنی بەنزینی كردووە و داوای مادەیەكیشی كردووە كە دەبێتە هۆی توشبوون بە شێرپەنجە و چەندین ساڵە قەدەغەیە.
هەردوو پەرلەمانتار سەركۆ گەڵاڵی و هاوڕێ مەلا ستار لە بڵاوكراوەیەكدا ئاماژەیان بەوەداوە، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند ئەگەر مۆڵەتی بدەنێ و باجی لێ نەستێنن ئەوا بەنزینی 500 دیناری دەهێنێت و بە هاوڵاتیانی دەفرۆشێتەوە بەڵام وەزارەتی سامانە سروشتیەكان رێگەی نەداون.
ئەوەش هاتووە، بەپێی بەدواداچونەكانی ئەوان، ناوبراو بەناوی حزبەوە داوای هاوردەكردنی بەنزینی كردوە نەك كۆمپانیایەك، ئەوەش لەكاتێكدایە كە خۆی هێزەكانی تر بە بازرگانی كردن تۆمەتبار دەكات، هەروەها داوای هاوردە كردنی مادەی mtbe كردووە كە مادەیەكە دەبێتە هۆی توشبوون بە شێرپەنجە و نازانن ئەو مادەیەی بۆ چییە.
ئەو دوو پەرلەمانتارە هێمایان بۆ ئەوەش كردووە، ئێستا نرخی تەنێك بەنزین لە ئێران یاخود ئیمارات 840 دۆلارە و بە كرێی گواستنەوە و پاڵاوتگەوە دەگاتە 950 دۆلار، ئەگەر بەبێ باجیش بهێنرێت لیتری 970 دینار دەكەوێت، ئەگەر سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەتوانێت بەو نرخەی باسی كردوە هاوردەی بكات و بیفرۆشێتەوە دەستخۆشی لێ دەكەن، بەڵام بە دڵنیاییەوە تەنها موزایەدە و خۆڵ كردنە چاوی خەڵكە.