نەوا-
وەزارەتی دارایی عیراق جەختدەكاتەوە كە موچەی مانگی 12ی ساڵی رابردوی بۆ هەرێمی كوردستان رەوانە كردوە.
سۆران عومەر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دوو نوسراوی وەزارەتی دارایی عیراقی بڵاوكردوەتەوەو تیایدا رایگەیاندوە، وەزیری دارایی عیراق بۆ لیستی موچەی مانگی شوبات و مانگەكانی دواتر تەئكید لەسەر خێرا ناردنی زانیاری موچەخۆرانی هەرێم دەكاتەوە بۆ تەوتینكردن بەپێی رێكارەكانی كە لەبڕیاری دادگای فیدراڵیدا هاتوە.
سۆران عومەر راشیگەیاندوە، وەزارەتی دارایی رایدەگەیەنێت موچەی مانگی 12ی ساڵی 2024 رادەستی حكومەتی هەرێم كراوە، ئەمەش لە وەڵامی داواكاری مامۆستایانی مانگرتو لەسلێمانی هاتوە كە لە 3/2 ئاڕاستەی سەرۆك وەزیرانی عیراقیان كردوەو نوسینگەی سەرۆك وەزیرانیش داواكەی ئاڕاستەی وەزیری دارایی كردوە.
جێی ئاماژەیە، لەدوای سەردانی شاندی دارایی هەرێمی كوردستان لە سەرەتای ئەمساڵدا بۆ بەغداو كۆبونەوەیان لەگەڵ شاندنی حكومەتی ناوەندی، ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پرێس كۆنفرانسێكدا رایگەیاند، لەگەڵ وەزارەتی دارایی عیراق گەیشتوینەتە دەرەنجامێك كە بۆ ساڵی 2025 بێگرفت موچەی موچەخۆرانی هەرێم خەرج بكرێت، ئومێدەواریشن دواجار بێت موچەی موچەخۆران ببێتە هەواڵ، بەڵام تا ئامادەكردنی ئەم هەواڵە تائێستا موچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان موچەی مانگی 2یان وەرنەگرتوەو هیچ رونكردنەوەیەكیش نەدراوە لەسەر هۆكاری دواكەوتن و گرفتەكانی بەردەم ناردنی موچە، جگە لەوەی موچەی مانگی 12ی رابردوش چارەنوسی نادیارە.