وردە سەرنج لەسەر بڕیاری راگرتنی هەندێ لەباجەكان
حكومەتی ھەرێمی كوردستان، باجی لەسەر چەندین شوێن هەڵگرتوە، بەمانایەكی تر راگرتووە، لەوانە چێشتخانە و نانەواخانەو سەمونخانە و ئوتێلەكان. بەگوێرەی ڕاگەیاندراوەكەی حكومەتی هەرێم، ئامانج لەم ڕاگرتنە سووككركردنی باری سەرشانی پیشەوەران و خاوەن چێشتخانەو میوانخانەكانە. بریارەكە، ڕێژەی 10% باجی سەر فرۆشی چێشتخانەو ئوتێل و نانەواخانەكانە و هەروەها، ڕێژەی 5% باجی سەر نەخۆشخانە و نۆرینگەتایبەتەكان. گومانی تێدا نی یە، ئەم جۆرە بڕیارانە گرنگن و تایبەتن، بەتایبەتی هێشتا بارودۆخی دارایی و ئابوری هەرێمی كوردستان شڵۆق و ناجێگیرە، داهاتی تاكەكەس و بودجەی خێزانەكانیش لەئاستێكی نزمدایە. ئەم هەوڵە بەناڕاستەوخۆ كاریگەری دەبێت لەسەر بوژانەوە و جموجوڵی بازاڕ، پێشتر ئەم ڕێژەیە لەسەر شانی كریاران و بەكاربەران دەوەستا. بەشێوەیەكی ئاسایی بڕیاری ڕاگرتنی ئەم جۆرە باجانە، تاڕادەیەك بازاڕی كار دەجوڵێنێت، بەو پێیەی داهاتی خاوەنكاران تاڕادەیەك زیاد دەبێت، ئەمە هانی خاوەنكاران دەدات، پلان و نەخشەی بوژانەوە و فراوانكردنی پرۆژەو ئیشوكارەكانیان بخەنەگەڕ و هەلی كار هەرچەندە كەمیش بێت دەرەخسێنێت. بەشێوەیەكی شاراوە، لەبەرئەوەی هەرێمی كوردستان، لەبەردەم هەڵبژاردنی پەرلەمانیدایە، پێ دەچێت ئامانجی حكومەت و لایەنەپێكهێنەرەكانی ئەم كابینەیە، ڕاكێشانی دەنگی دەنگدەران و هاونیشتیمانیانی هەرێم بێت، بەئامانجی سیاسی. ئەوەی جێگەی سەرنجە، بەدڵنییایەوە هێشتا خۆدزینەوە لەباج دیاردەیەكی بەرچاوە و بنبڕنەكراوە چ بە ڕێگای یاسایی و چ بە شاردنەوەی موڵك و ماڵ و زەویوزار لە لیژنەكانی خەمڵاندنی بەڕێوەبەرایەتیەكانی باجی دەرامەت. بەگوێرەی ڕاگەیاندراوەكەی حكومەتی ھەرێم، ئەم ڕاگرتنە بەردەوام دەبێت، تا یەككلایكردنەوەی ڕێكارەكانی وەرگرتنی باج لەدامودەزگا فیدراڵییەكان و هەمواركردنەوەی یاساكە، كەواتە بڕیارەكە كاتییە و پێشتر بەڕێنمایی وەرگیراوە. ئەوەی گرنگترو لەپێشترە، پێویستە حكومەتی ھەرێم، بەشێوەیەكی تەواو باری سەرشانی سەرجەم هاونیشتیمانیان سووكتر بكات، چونكە بارودۆخی بازاڕ خراپەو و ڕێژەی بێكاری بەرزە و كێشەو گرفتەئابوری و داراییەكان هێشتا زۆریان بەچارەسەرنەكراوی ماوەنەتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، پێویستە لەسەر خاوەنكارو و میوانخانەكان و چێشتخانە و تەنانەت نانەواخانە و سەمونخانەكان، نرخەكانیان داببەزێنن، چونكە لەماوەی دوو سێ ساڵی ڕابردودا، نرخی زۆربەی خزمەتگوزاری و نان و سەموون و نەشتەرگەری لەنەخۆشخانەتایبەتەكانی هەرێمدا زیاد كرا بوو، بەبیانوی زیادبوونی باجەوە. لەلایەكی ترەوە، پێویستە لیژنەكانی قائیمقامییەتەكان و بەڕێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانی لەشاروشارۆچكەكانی هەرێمدا، هەروەها وەزارەت و دەستە پەیوەندیدارەكانی وەك ( گەشتوگوزارو بازرگانی) چاودێری نرخ و كواڵێتی خزمەتگوزاری و بەرهەمی ناوخۆ(نان و سەموون) بكەن بەبەردەوامی لەپێناو خزمەتكردن بەهاونیشتیمانیان. *ئابوریناس
ئەو وتارانەی لە سایتی رادیۆی نەوا بڵاودەبنەوە، تەنها گوزارشتە لە راو بۆچونی خاوەنەكەی.